هەپەگە: هێزەکانمان پێنج سەربازی تورکیایان کوشتووە
هەپەگە، کوژرانی (٥) سەربازی سوپای توركیای لە لێلیكانی باشوری كوردستان و باگۆكی باكوری كوردستان راگەیاند.
لە بەیاننامەیەکی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)دا هاتووە، "لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێڕی شەهید ئاگری و شەهید پیرۆزدا هێزەكانمان لە ڕۆژی (١٨)ی ئەم مانگە، لە ناوچەی عەلی درێژی سەر بە هەرێمی لێلیكان لە دژی سوپای داگیركەری توركیا چالاكییان ئەنجامدا، لەو چالاكییەدا سەربازێكی توركیا كوژرا".
ئاماژە بەوەشکراوە، کە "لەهەمان ڕۆژدا هێزەكانیان لەگردی لێلیكان لە دژی سوپای توركیا چالاكیەکی دیکەیان لەڕێگەی چەكی قەناسەوە ئەنجامداوەو سەربازێكی سوپای توركیا کوشتووە".
هەروەها لەبەیاننامەکەدا باس لەوەشکراوە، کە هێزەکانی هەپەگە لەگردی شەهید زەردەشت-ی سەر بە گەڤەر لەدژی سوپای توركیا چالاكییەكیان ئەنجامدا، ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی سوپای توركیا لەو چالاكییەدا نەزانراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەوتەی بەرپرسانی هەپەگە، رۆژی هەینی رابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دوو جار هەرێمەکانی پاراستنی مەدیایان بۆردوومان کرد، لەو بۆردوومانانەدا زەرەرو زیان بەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیانی گوندەکانی ئەو ناوچەیە کەوتووە.