TR KU SO
FB X
Kurdistan

ئاهەنگەکانی سەری ساڵ لە هەولێر قەدەغەیە

Navas Jan
Admin
📅 28 Aralık 2020 00:46

پەیامی کورد ... ئاهەنگەکانی سەری ساڵ لە هەولێر قەدەغەیە

 

ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ژمارەیەک بڕیاری نوێیان دەرکردووە و بەپێی یەکێک لە بڕیارەکان، سازکردنی ئاهەنگی سەری ساڵ قەدەغەیە و هەر شوێنێک بۆ مەبەستی ئاهەنگ گێڕان ئامادەکرابێت، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

 

دەقی راگەیەندراوەکەی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر:

 

راگەیێندراوێک لە ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر

 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەمە 2020.12.27، به‌سه‌رپه‌رشتی هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت و بەئامادەبوونی ئەندازیار عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و تەواوی ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا،  لەدیوانی پارێزگا کۆبووە و کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە :-   

 

یەکەم/ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ویڕای پابەندبوونی بەسەرجەم بڕیار و ڕاسپاردەکانی بەیانی ژمارە(57)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاس و ستایشی هاوڵاتییانی شاری هەولێر دەکات بەپابەندبوونیان بەبڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی، هەروەها سوپاس و ستایشی یەکەکارگێڕییەکان، تیمەکانی تەندروستیی، شارەوانییەکان، هێزەکانی(پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ) دەکەین، کە جوامێرانە لەپێناو سەقامگیری ئاسایشی شارەکەمان و تەندروستی هاوڵاتییان و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی شارەکەمان ئەرکەکانی خۆیان بەوپەڕی دڵسۆزی و بەسەرکەوتووی ئەنجامدەدەن .

 

دووەم/ سازکردنی ئاهەنگی سەری ساڵ قەدەغەیە و هەر شوێنێک یان هوتێلێک یان کافتریایەک یان ڕێستورانتێک، یان یانەیەکی شەوانە یان یانەیەکی وەرزشی و سەنتەرەکۆمەڵایەتییەکان و مۆڵەکان و هەرشوێنێکی تری هاوشێوەیان کە بۆ مەبەستی ئاهەنگ گێڕان ئامادەکرابێت، بەپێی بەیانی ژمارە (57)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر  

 

سێیەم/ داوا لەهاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین، بەو پەڕی هەستکردن بەبەرپرسیاریەتی لەم بارودۆخەدا، لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان پابەندبن بەڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەکۆرۆنا، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، هەرکەسێک ڕەچاووی بەستنی (دەمامک) و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا نەکات، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.  

 

چوارەم/ هەموو ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنە بازرگانیەکان، بازار، چێشتخانه‌)، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن لەبەستنی (دەمامک، دووری مەودای نێوان هاوڵاتییان، دروست نەکردنی قەرەباڵغی، دانانی هێمای نۆرەی هاوڵاتییان لەسەر زەوی بەتایبەتی لای کاشیرەی مۆڵ و مارکێتەکان و پێشوازی هوتێل و موتێلەکان)، ‌هه‌رشوێنێك ئەم رێنماییانە بەتایبەتی بەستنی(دەمامک)جێبه‌جێنه‌كات، لێژنەی قایمقامیەتەکان، تیمەکانی تەندروستی، شارەوانی، چاودێری بازاڕ، هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون، ده‌ستبه‌جێ شوێنەکە دادەخەن . 

 

پێنجەم/ هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تەکسی، تایبەت، پاس، مینی پاس) پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکانبن و خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر بەپێبژردن و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی .                                          

 

شەشەم/ ئەم شوێنانە بەداخراوی دەمێنەوە:- (هۆڵه‌كانی بووك گواستنه‌وه، هه‌موو جۆرە گردبوونەوە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەک).                                               

 

حەوتەم/ (پرسەدانان لە (هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت) و مەراسیمی سەرقەبران قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەندنەبێت، بەپێی بەیانی ژمارە (57)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر .

 

هەشتەم/ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمانگه‌كان لەکاتی دەوام ده‌بێت (ده‌مامك) ببه‌ستن، بەپێچەوانەوە رێكاری كارگێریان لەبه‌رامبه‌ردا ده‌گیرێته‌ به‌ر، هیچ هاوڵاتییه‌ك و موراجعێك بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانییان به‌بێ به‌ستنی (ده‌مامك) بۆی نییه‌ بچێته‌ ناو هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك، بە پێچەوانەوە بەرپرسی فەرمانگەکە ڕوو بەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە .

 

 ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

Paylas: