TR KU SO
FB X
Kurdistan

حکومەتی هەرێم وەڵامی بەغدا دەداتەوە

📅 25 Mart 2018 13:50

ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم وه‌ڵامی‌ حكومه‌تی‌ عیراق ده‌داته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم، سكرتێری‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی هه‌رێمیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ژماره‌ی‌ مووچه‌خۆران یه‌ك ملیۆن و 249 هه‌زارو 481 فه‌رمانبه‌ره‌"، ده‌شڵێت: "بۆ مووچه‌ پێویستمان به‌ 890 ملیار دیناری‌ مانگانه‌ هه‌یه‌".

حكومه‌تی‌ عیراق ڕایگه‌یاندوه‌، ژماره‌ی‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم به‌گوێره‌ی‌ دوایین داتاكان كه‌ به‌ده‌ستیانگه‌یشتوه‌ 400 هه‌زار مووچه‌خۆره‌و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی‌ كوردیش ئه‌و زانیارییانه‌یان پشتڕاستكردۆته‌وه‌، بۆیه‌ ڕه‌وانه‌كردنی‌ بڕی 317 ملیار دینار بۆ  موچه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بوه‌.

سه‌میر هه‌ورامی‌ سكرتێری‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ڕاگه‌یاند، "ئه‌و زانیاریانه‌ ڕاست نین، چونكه‌ كۆی ژماره‌ی‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم یه‌ك ملیۆن و 249 هه‌زارو 481 مووچه‌خۆره‌و مانگانه‌ش پێویستمان به‌890 ملیار دینار هه‌یه‌ بۆ مووچه‌كانیان".

وتیشی‌: "108 ملیار دینارمان پێویسته‌ كه‌ بتوانرێت مانگانه‌ مووچه‌ی‌ 244 هه‌زارو 656 خانه‌نشین له‌هه‌رێم دابینبكرێت، هاوكات 38 ملیار دینارمان بۆ مووچه‌ی‌ 96 هه‌زارو 53 خانه‌واده‌ی‌ شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان پێویسته‌".

سه‌میر هه‌ورامی‌ ئه‌وه‌شی‌ راشیگەیاند، "جگه‌له‌وه‌ش مانگانه‌ پێویستمان به‌30 ملیار دینار هه‌یه‌ بۆ مووچه‌ی‌ 159 هه‌زار كه‌مئه‌ندام و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ش 455 ملیارمان بۆ 483 هه‌زار مووچه‌خۆر ده‌وێت به‌كه‌رتی‌ پۆلیسیشیه‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌مووچه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی‌ ئاسایش, سكرتێری‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم وتی‌: "مانگانه‌ پێویستمان به‌266 ملیار دینار هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانرێت مووچه‌ی‌ 266 هه‌زارو  465 پێشمه‌رگه‌و ئاسایش دابینبكرێت".

Paylas: