حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵێکی رۆژنامەیەکی ئێرانی رەتدەکاتەوە
پەیامی کورد … حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵێکی رۆژنامەیەکی ئێرانی رەتدەکاتەوە
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵێکی رۆژنامەی کەیهانی ئێران لەبارەی کوژرانی ژمارەیەک ئەندامی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لە هەولێر رەتدەکاتەوە و جەختیش دەکاتەوە، هیچ بنکە و بارەگایەکی ئیسرائیل لە کوردستان بوونی نییە.
لە راگەیەنراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم رایگەیاندوە: "رۆژی سێشەممە رۆژنامەی کەیهانی ئێرانی، هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە کە گوایا لە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بارەگایەکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لە شاری هەولێر، چەند کارمەندێکی ئەو دەزگایە کوژراون".
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم راشیگەیاندوە: "ئەم جۆرە هەواڵە بێ بنەمایانە رەتدەکەینەوە و رای دەگەیێنینەوە کە ئەم هەواڵە راست نییە و هیچ بنکە و بارەگایەکی ئیسرائیلی لە کوردستان بوونی نییە و ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە، دروستکردنی ڕق و ناکۆکییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان".
فەرمانگەکە داوای لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران كردووە "ڕێگە لە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە چەواشەکارییانە بگرن کە خزمەت بە پەیوەندییەکانی هەردوولا ناکات".