TR KU SO
FB X
Kurdistan

حکومەت لە بارەی مووچەوە ڕوونکردنەوە دەدات

📅 07 Mayıs 2018 13:42

دوای ناردنی بەشێك لە مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، تائێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بڕە نەوتێكی لەڕێگەی عێراقەوە هەناردە نەكردووە و ئەمەیش گومانی ئەوەی دروستكردووە، كە حكومەتی هەرێم نەوت هەناردە نەكات و عێراقیش مووچەی فەرمانبەران نەنێرێت

 

سەفین دزەیی، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم بارەیەوە ڕایگەیاند، كە تائێستا حكومەتی هەرێم نەوتی لەرێگەی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوت سۆمۆوە هەناردە نەكردووە، چونكە هێشتا یاسای بودجەی 2018، نەچووەتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە.

وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (خەڵك) كە لە ڕۆژانی داهاتوودا دەقەكەی بڵاودەكرێتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو بڕە پارەی حكومەتی عێراق ناردویەتی، بەپێی ریَِكەوتن بووە، ناردنی ئەو بڕە پارەیەش لەسەر بنەمای یاسای بودجە نەبووە، بەڵكو ڕێكەوتنێك بووە بۆ ناردنی بڕێك پارە تا ڕێكەوتنی كۆتایی لەوبارەوە دەكرێت.

وتیشی، "تەنها مەسەلەی مووچە و نەوت نییە، بابەتی دیكەیش هەن، كە پێویستە ڕێكەوتنیان لەسەر بكرێت، وەك داهاتی ناوخۆ، لەسەر چی بنەمایەك ڕێژەی هەرێمی كوردستان دیاری دەكرێت، هەروەها بابەتی ناردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك، كە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدایە سودی لێوەرناگیرێت، پێشنیازكراوە لەڕێگەی هەرێمەوە بنێردرێت بۆ توركیا و داهاتەكەیشی بۆ عێراق بێت، ڕەزامەندی لەسەر دراوە، بەڵام هێشتا جێبەجێ‌ نەكراوە".

بەپێی یاسای بودجەی 2018، پێویستە هەرێم ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی سۆمۆوە بنێرێتە دەرەوە و لەبەرامبەردا حكومەتی عێراق 12.67%ی بودجەی گشتی بدات بە هەرێم، بەڵام گومانی ئەوە دروستبووە، كە جارێكی تر هەرێمی كوردستان پابەند نەبێت بەڕێكەوتنەكەوە و عێراقیش مووچەی فەرمانبەران نەنێرێت.

 

Paylas: