TR KU SO
FB X
Kurdistan

هاووڵاتیانی هەرێم لە هەڵبژاردەکانی داهاتوو بێ هیوان

سارا
Yazar
📅 07 Mart 2018 20:36

هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و دەڤەری سەوز بە تایبەتی لە سەرجەم حزبە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن و كۆن و تازەكان توڕەن و هیچ ئومێدێكیشیان بە هەڵبژاردنەكان نەماوە، چونكە پێیانوایە كە هەموو حزبەكان هێندەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان كار دەكەن، هێندە بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان كارناكەن، بە ناوی دژایەتیكردنی دەسەڵاتیشەوە دەنگ‌و ناڕەزایەتی خەڵكی دەڤەری سەوز بەكاردەهێنن بۆ وەرگرتنی پلەو پۆست لەلای دەسەڵات.
ئەمە لەحاڵێكدا هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە سنووری دەڤەری سەوز بە تەواوی نیگەران و توڕەن لە حزبەدەسەڵاتدارەكانی وەك یەكێتی و پارتی و ئۆپۆزسیۆنەكان كە پێیانوایە هیچیان راست نەبوون لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی بە خەڵكیان داوە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا و تەنها كاریان بۆ خۆیان كردووە، نەك هیچیان بۆ خەڵك نەكردووە، بگرە زیانیشیان لەخەڵك داوە.
ئەگەرچی هێزی دیكەی سیاسی لە سنووری دەڤەری سلێمانی وەك هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و نەوەی نوێ دروستبوون و بانگەشەی گۆڕانكاری و باشكردنی بژێوی هاووڵاتیان و بەشداری چڕی هاووڵاتیان لە دەنگداندا دەكەن، بەڵام هاووڵاتیان ئومێدیان بەو هێزانەش نییە، چونكە پێیانوایە هەمان ئەزموونی بزوتنەوەی گۆڕان دووبارە دەكەنەوە دوای هەڵبژاردنەكان ‌و دەبنە بەشێك لە سیستمێكی گەندەڵ‌و شكستخواردوو، لەبری باشكردنی ژیانی خەڵك، ژیاني خۆیان باش دەكەن.
ناسك تۆفیق ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان راگەیاند، بوونی حزبی نوێ ‌و ململانێی سیاسی لە دەڤەری سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی جۆرێك لە ئازادی و رۆشنبیری لە ناوچەكە و ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی حزب‌و گروپ‌و رێكخراوەكان تێیدا دروست ببێت، ئەمەش بابەتێكی زۆر باشە، چونكە دواجار فرەیی حزبی بنەمایەكی ئەساسییە لە دیموكراتیەت.
وتیشی “دەبێت ئەم حزبانە تێڕوانینێكی هاوبەشیان هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك‌و ببنە هۆكاری خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك، ئەگەرنا دەبنە هۆكاری نەهامەتی بۆ خەڵكی كوردستان وەكو ئەوەی ئێستا روویداوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، دوای ئەنجامدانی هەڵبژادنەكان، تاكو هەڵبژاردنێكیتر حزبەكان لە خەمی ئەوەدان، دەنگێكی زیاتر بەدەست بهێنن لەجیاتی ئەوەی لە خەمی چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵكدا بن.
رونیشیكردەوە، ململانێ‌و ركابەری سیاسی بۆ خزمەتی خەڵك سروشتییە، بەڵام لە كوردستان ركابەری سیاسی دەگۆڕێت بۆ ململانێ‌و دوای ئەوە دەگۆڕێت بۆ ناكۆكی‌و دواتر بۆ شەڕ كە هەموویان زیان لە كوردستان دەدەن.
سەبارەت بە بێ ئومێدبوونی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنەكان، ناسك تۆفیق رایگەیاند، بێئومێد بوونی خەڵك لە هەڵبژاردنی نوێنەری خۆی پلانی دەسەڵاتدارانە بۆ ئەوەی خەڵك والێبكەن تاقەتی هەڵبژاردنیان نەبێت‌و تەنها خۆیان لەسەر دەسەڵات بمێننەوە، ئەگەرنا هیچ بەدیلێكیتر جگە لە هەڵبژاردن بۆ سزادانی ئەو كەسانەی كە ئازاری هاووڵاتیان داوە، هیچ بەدیلێكیتر بوونی نییە.
زۆرێك لە حزب و لایەنە سیاسییەكان بەتایبەت لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و حزبە تازەكان داوا لە هاووڵاتیان دەكەن لە هەڵبژاردنەكاندا تۆڵە لە دەسەڵات بكەنەوە، ئەمە لەحاڵێكدا زۆرینەی ئەو لایەنانە خۆیان بەشداری دەسەڵات بوون یان بەشداری لە ستەمكردن بوون لەخەڵك یان بێ دەنگبوون یان ناڕەزایەتییەكانی خەڵكیان بۆ بەرژەوەندی حزبی خۆیان بەكارهێناوە.
چاودێران پێیانوایە، هەرچەندە حزبەكان بانگەشە بۆ تۆڵەكردنەوە دەكەن لە رێگای هەڵبژاردن و دەڵێن، كە سندوقی دەنگدان گۆڕانكاری دروستدەكات، بەڵام ئەزموونی 27 ساڵی رابردوو ئەوە نیشان دەدات لە ماوەی چەندین هەڵبژاردنی رابردوودا جگە لە خۆدەوڵەمەندكردنی ژمارەیەك بەرپرس و وەزیرو پەرلەمانتار هیچ بەرهەمێكی دیكەی بۆ خەڵك نەبووە و گۆڕانكاری دیكەی دروست نەكردووە.
زۆرینەی ئەو كەسایەتی و كاراكتەرە سیاسییانەی بانگەشەی دژایەتیكردنی دەسەڵات و گۆڕینیان كردووە، دوای هەڵبژاردنەكان و وەرگرتنی پۆست بوونە بەشێك لە دەسەڵات و بەرگریكردن لە سیستمێكی شكستخواردوو.
هاووڵاتیانی سلێمانی لەنێوان ململانێی لایەن سیاسییەكان و جێبەجێنەكردنی پڕوپاگەندەكانیان لەكاتی هەڵبژاردنەكان تووشی نائومێدییەكی زۆر بوون‌و متمانەیان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نەماوە.

Paylas: