هاووڵاتیان سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن
ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان وێڕای دەستخۆشی لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ لابردنی پاشەكەوتی مووچە، گلەیی لە بازرگانان و دوكانداران دەكەن بە گشتی، كە ھێشتا مووچە بە تەواوەتی وەرنەگیراوە، بەڵام شتومەكیان گران كردووە. پێشمەرگەیەكیش دەڵێت: "بەرگەی قەیران و داعشمان گرت، بەڵام بەرگەی گرانیی بازاڕ و كرێی خانوو ناگرین".
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ٨ی ئادار لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا نەمانی پاشەكەوتی مووچەی ڕاگەیاند و سوپاسی مووچەخۆان و هێزەكانی پێشمەرگەی كرد، كە توانییان لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا شان بدەنە بەر ئەو قەیرانە داراییە كاتییەكەی كە ڕووبەڕووی ھەرێمی كوردستان ببوویەوە.
پەیوەست بەم باسە، كارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەدەی گشتی ھەولێر، سەرباز عەلی، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ یەكەم مووچەی بێ پاشەكەوتم وەرگرت، بەڵام دڵم پێی خۆش نییە، چوونكە دەزانم لە بازاڕ دەبێت دووقات دابنێینەوە، بۆیە داوامان لە حكوومەتە كۆنتڕۆڵی بازاڕ بكات."
پێشمەرگەی ھێزەكانی ٨٠ی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕەشید عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەك پێشمەرگەیەكی پارێزەری كوردستان، بە گەرما و سەرما و بێپارەیی لە بەرانبەر گەورەترین گرووپی تیرۆریستیی داعش نەماندەزانی شەھید دەبین یان دەمێنین و چەندین لە ھاوڕێكانمان شەھید كران، بەردەوام بووین و بەرگەمان گرت".
ئەو پێشمەرگەیە، گوتیشی: "سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ لادانی پاشەكەوتی مووچە سوپاسی پێشمەرگەی كرد، سەرەڕای ھەموو ئەو بارە قورسەی پێشمەرگە لەسەری بوو، وەك تەواوی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان ئێمەش بەر پاشەكەوتەكەی حكوومەت كەوتین، چونكە ئاشكرا بوو ھەرێمی كوردستان رووبەڕووی چەندین قەیران ببوویەوە، بۆیە لە ئێستادا داواكارین خاوەنی خانوو نەكەوێتە گیانمان و كرێی خانوومان لێ بەرز نەكەنەوە، یان بچییە بازاڕ نەتوانی دەست لە سەر ھیچ دابنێی چونكە نرخ بەرز كراوەتەوە، بۆیە بەرگەی گرانیی بازاڕ ناگرین."
هاوكات مامۆستا پڕشنگ محێدین، لە قوتابخانەی ئامادەیی بینایی كچان لە سلێمانی، گوتی: "دەستخۆشی لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین كەوا پاشەكەوتی مووچەی لادا، سەرەڕای ئەوەی دوێنێ لە پشووی فەرمیدا بووین، بەڵام مووچەكەمان بە بێ پاشەكەوت وەرگرت، ئێمە لە ڕابردووشدا ھۆڵەكانی وانەگوتنەوەمان بە ھیچ شێوەیەك جێنەھێشت و شانمان دایە بەر ئەركە قورسەكەی قەیرانی دارایی، بەڵام داواكارین لە حكوومەت كۆنتڕۆڵی بازار بكات و لەوە زیاتر شتومەك بەرز نەكەنەوە."