حکوومەت بە پێی ئەو بەڵێنەی دابووی دۆخی كرێكارانی بەراورد بە ڕابردوو زۆر باشتر کردووە
پەیامی کورد ... بەڕێوبەری راگەیاندنی سەندیكای كرێكارانی هەولێر رایگەیاند، لەم كابینەیەدا حكوومەت لە كارنامەكەیدا دایناوە، كە دۆخی كرێكاران باشتر بكات، لە ئێستاشدا رۆژ بە رۆژ دۆخی كرێكاران باشترە و هەنگاوی باش نراوە، هەروەها حكوومەت پارەی بۆ پڕۆژەكان تەخان كردووە و دەرفەتی كاریش زیادی كردووە.
حەسەن رەمەزان، بەڕێوبەری راگەیاندنی سەندیكای كرێكارانی هەولێر ڕایگەیاند : "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتی ڕاگەیاندنی كارنامەی خۆیدا بەڵێنی دابوو دۆخی كرێكاران باشتر بكات، ئێستاش دۆخی كرێكاران بەراورد بە ڕابردوو زۆر باشترە و بە هۆی تەرخانكردنی پارە بۆ پڕۆژەكانیشەوە، هەلی كار زیادی كردووە و هەنگاوی كردەیی لەو بارەیەوە ناوە، بەڵام داوا دەكەین یاساكانی تایبەت بە كرێكاران وەكو خۆیان جێبەجێ بكرێن، چونكە ئومێدێكی زۆرمان بەو كابینەیە هەیە".
رەمەزان باسی لەوەش كرد: "ئەوەی هەندێك بۆ ئێمە بووەتە گرفت، بوونی كرێكاری بیانی و خواروو و ناوەڕاستی عێراقە، چوونكە ئەوانە كاریگەرییان هەبووە، بۆیە پێویستە زیاتر گرینگی بە كرێكاری خۆماڵی بدرێت، لەبەر ئەوەی كرێكار كۆڵەكەی كۆمەڵگایە و وڵات لەسەر دەستی ئەوان بنیات دەنرێت".