ڕۆژهەڵاتی کوردستان/ لەسالێکدا ٥٢ کۆڵبەر کوژراون
پەیامی کورد … ڕۆژهەڵاتی کوردستان/ لەسالێکدا ٥٢ کۆڵبەر کوژراون
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینی لانی کەم ٢١٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٥٢ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٦٣ کەسیان بریندار بوون. ئەم ئامارە بە نیسبەت ساڵی پێشووتر ٢٥ حاڵەت یان ١٠.٥٪ کەمی کردووە.
هۆکاری کوژران یان بریندار بوون
تەقەی ڕاستەوخۆ: ١٤٠ حاڵەت (٢٨ کوژراو و ١١٢ بریندار) کە دەگاتە ٦٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.
ڕووداوی سروشتی: ٣٤ حاڵەت (١٧ کوژراو و ١٧ بریندار) کە دەکاتە ١٦٪ی کۆی حاڵەتەکان.
تەقینەوەی مین: ٣ حاڵەت (٣ بریندار) کە دەکاتە ١.٣٪ی کۆی حاڵەتەکان.
ڕووداوی هاتووچۆ: ٢٣ حاڵەت (٥ کوژراو و ١٨ بریندار) کە دەکاتە ١٠.٧٪ی کۆی حاڵەتەکان.
لێدان و کوتان: ١٥ حاڵەت (٣٢ کوژراو و ١٢ بریندار) کە دەکاتە ٧٪ی کۆی حاڵەتەکان.
جیا کردنەوە بە پێی پارێزگاکان
پارێزگای ئورمیە: ٥٠ حاڵەت (٢٤ کوژراو و ٢٦ بریندار).
پارێزگای سنە: ١٠٧ حاڵەت (٢٢ کوژراو و ٨٥ بریندار).
پارێزگای کرماشان: ٥٨ حاڵەت (٦ کوژراو و ٥٢ بریندار).
کوژران و بریندار بوونی ٦ مێرمنداڵی کۆڵبەر لە ساڵی ٢٠٢١ دا
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١ی زاییندا لانی کەم شەش مێرمنداڵی کۆڵبەر کە تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە بوونەتە قوربانی.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە چوار کۆڵبەری مێرمنداڵ گیانیان لە دەست داوە و دووی دیکە بریندار بوون.
سێ کۆڵبەری مێرمنداڵ لەلایەن چەکدارانی تورکیا، ٢ کۆڵبەر بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێر و کۆڵبەرێک بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی.
کوژران و بریندار بوونی ٩ کۆڵبەر بە دەستی هێزەکانی تورکیا و عێراق
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانی کەم ٩ کۆڵبەر لە سنوورەکانی عێراق و تورکیا بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئەم دوو وڵاتە بوونەتە قوربانی کە ٣ کەسیان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە.
لەو ژمارەیە ٤ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ٢ کەسیان بریندار بوون. کۆڵبەرێک لەلایەن هێزەکانی عێراق و ٨ کۆڵبەر لەلایەن هێزەکانی تورکیا بوونەتە قوربانی.