پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری لەسەر زێی خەبات درووست دەکرێت
پەیامی کورد ... پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری لەسەر زێی خەبات درووست دەکرێت
قایمقامی قەزای خەبات ڕایگەیاند : پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری لەسەر زێی خەبات دروست دەکرێت، خەریکە ڕێکارەکان تەواو دەبن، بە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە ناوچەکە لەڕووی ئابووری و دەرفەتی کار و گەشتیاری دەبووژێنێتەوە.
کوێستان ئەحمەد ڕایگەیاند : دەمێکە پڕۆژەیەکی گەشتیاریمان بۆ دەستەی وەبەرھێنان پێشنیار کردووە و لە دەستەی وەبەرھێنان تەواو بووە و ئێستا ھەندێک ڕێکار ماون، ئەوانیش تەواو بکرێن دەست بە پڕۆژەکە دەکرێت، چوونکە ئەو پڕۆژەیە لەسەر زێی خەبات دەبێت و گرنگی زۆریشی بۆ ئێمە دەبێت، بوژانەوەیەکی باش بە ناوچەکە دەبەخشێت و زۆر ھەلی کاریش دەڕەخسێنێت، لەڕووی گەشتیاریش دەبووژێتەوە.
قایمقامی قەزای خەبات ووتیشی: پڕۆژەکە گەورەیە، ئوتێل، ڕێستورانت، مۆتێل، بەلەم و ھەموو ئەوەی پێویستە بۆ شوێنە گەشتیارییەکان دابین دەکرێت و لێی درووست دەکرێت، ناوچەکە دەبێتە شوێنێکی گەشتیاری گرینگ، چوونکە دەکەوێتە سەر زێی گەورە و ئاوێکی زۆری ھەیە، هەر خۆشی شوێنێکی گەشتیارییە.
کوێستان ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە: کۆمەڵێک وەبەرهێنەر داوای ئەو پڕۆژەیەیان کردووە، بەڵام دراوەتە بەوەبەرھێنەرێکی خۆماڵی و ڕێکارەکان تەواوبن بە سەرمایەی حەوت ملیۆن دۆلار دەست بە درووستکردنی دەکرێت، بە تەواوبوونیشی خەبات لە هەموو ڕوویەکەوە دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە، ئەگەر ڕێکارەکان تەواو بکرێن، ئەمساڵ دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت.