حكومه‌تی هه‌رێم: فرسه‌ت سۆفی له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا دەست و پەنجەی لە هەموو بوارەكاندا دیار بوو
پەیامی کورد ... حكومه‌تی هه‌رێم: فرسه‌ت سۆفی له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا دەست و پەنجەی لە هەموو بوارەكاندا دیار بوو
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پرسه‌نامه‌یه‌كی بۆ كۆچی دوایی فرسه‌ت سۆفی، پارێزگاری هه‌ولێر بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، فرسەت سۆفی وەک مرۆڤێكی سادە و نیشتمان پەروەر لەو ماوەیەی کە پۆستی پارێزگاری هەولێری وەرگرتبوو، بە بەردەوامی و شەونخوونی كاری دەكرد.
له پرسه‌نامه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمدا هاتووه: بە بۆنەی کۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر، حكومەتی هەرێمی كوردستان پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو و تەواوی خەڵكی کوردستان بەگشتی و پارێزگای ھەولێر بەتایبەتی دەكه‌ن.
ده‌شڵێت: "د. فرسەت سۆفی وەک مرۆڤێكی سادە و نیشتمان پەروەر لەو ماوەیەی کە پۆستی پارێزگاری هەولێری وەرگرتبوو، بە بەردەوامی و شەونخوونی كاری دەكرد و لەم ماوە کەمەشدا دەست و پەنجەی لە هەموو بوارە ئیداری و خزمەتگوزارییەكانی ئەم پارێزگایەدا دیاربوو".
حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه: "سبەینێ پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2020، بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی حکومەت، وەزیر و پەرلەمانتار و لایەنە سیاسییەکان، مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی فرسه‌ت سۆفی لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەدەچێت و لە شاری هەولێر بە خاک دەسپێردرێت".
دوای ماوەیەکی زۆر ململانێی له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی كۆرۆنا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تشرینی دووه‌می 2020 پارێزگاری هەولێر لە دەرەوەی وڵاتی کۆچی دواییکرد.
رۆژی 19-10-2020، بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، دوای ئەنجامدانی پشکنین دەرکەوت کە فرسەت سۆفی تووشی کۆرۆنا بووە. دواتر بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستی بەرەو دەرەوەی وڵات بەڕێکرا.
د. فرسەت سۆفی، لە ساڵی 1978 لە قەزای چۆمان لەدایکبووە، مانگی 9ی ساڵی رابردوو بووە پارێزگاری هەولێر.
- دکتۆرای لە یاسای گشتی هەیە
- مامۆستای زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێر بوو
- ئەندامی خوولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بوو
- ئەندامی دەستەی راوێژکاریی یاسایی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بوو
- ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بوو
- ئەندامی لیژنەی باڵای چاکسازی بوو
- سەرۆکی لیژنەی کاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بوو