حزبی دیموكرات راگه‌یه‌ندراوێك لەبارەی تیرۆرکردنی فەرماندەکەیان بڵاودەکاتەوە
حزبی دیموكراتی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێك له‌سه‌ر كوژرانی (قادر قادری) فه‌رمانده‌یه‌كی حزبه‌كه‌یان له‌سنووری بالیسان بڵاوكرده‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی حزبی دیموكراتی كوردستانداهاتووه، "شه‌وی رابردوو کە دەکاتە سێشه‌ممه له سه‌ر چوارشه‌ممه، هاوڕێ قادر قادری، کادر و فه‌رمانده‌ی لێوه‌شاوه‌ی حزبی دیموکراتی کوردستان که به‌ئۆتۆمبێلی خۆی به‌سه‌ردانێک چووبووه میحوه‌ری بالیسان_چوارقوڕنه، به‌داخه‌وه دره‌نگانی شه‌و ده‌درێته به‌ر ده‌سڕێژ و ته‌رمه‌که‌ی که زیاتر له (٢٠) گوللـه‌ی به‌ركه‌وتووه، له ده‌وروبه‌ری ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له نزیک گوندی هه‌رته‌لێ دۆزراوه‌ته‌وه".
هەر به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی دیموكرات، "ده‌رده‌كه‌وێت كه ناوبراو له ده‌ره‌وه‌ی ماشێنه‌كه‌ی ده‌سڕێژی لێكراوه، ته‌رمه‌كه‌ی له لایه‌ن پۆلیس بۆ نه‌خۆشخانه‌ی رانیه گوزراوه‌ته‌وه و لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه هه‌م له لایه‌ن پۆلیس و هه‌م له‌لایه‌ن ده‌زگای ئه‌منیه‌تی حزبی دیموكراتی كوردستانه‌وه ده‌ستی پێكردووه".
ئاماژە بەوەشکراوە، کە "به سه‌رنجدان به‌رابردووی درێژی تێكۆشانی قادر قادری له‌حزبی دیموكراتی كوردستاندا و به ئاگاداری له‌وه كه ئه‌و كادره ناسراوی حزبی دیموكرات كێشه‌ی شه‌خسی له‌گه‌ڵ هیچ كه‌س و لایه‌نێك نه‌بووه، هه‌روه‌ها به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستییه‌ش كه كۆماری ئیسلامی له دوو ساڵی رابردوودا، چه‌ندین پیلانی تیرۆریستیی له هه‌رێمی كوردستان له دژی بنكه‌كان و تێكۆشه‌رانی كوردی رۆژهه‌ڵات به‌ڕێوه بردوون، ئێمه رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران و به‌كرێگیراوه‌كانی به ئه‌نجامده‌ری تیرۆری ئه‌و تێكۆشه‌ره‌ی حزبمان ده‌زانین".