قایمقامی مەخموور: ئیدارەی شارەکە دەگەڕێتەوە
قایمقامی شارۆچكەی مەخموور ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، بە فەرمی رێگای نێوان هەولێر - مەخموور کرایەوە و، ئیدارەی شارەكەش بۆ ڕاییکردنی کاروباری خەڵک دەگەڕێتەوە.
لە دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەرەوە، تاوەكوو ئێستا رێگای هەولێر بۆ مەخموور داخراوە و لە ماوەی رابردوویشدا ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا پێشنیازی كرد كە رێگاكە بكرێتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەر زوو رەزامەندیی دەربڕی و چاوەڕێی حكوومەتی عێراق دەكرا بۆ دەربڕینی رەزامەندی.
لەو بارەیەوە، قایمقامی شارۆچكەی مەخموور، رزگار محەممەد، راگەیاند: "دوای هەوڵێكی زۆر و وەرگرتنی رەزامەندیی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بۆ كردنەوەی رێگای هەولێر بۆ مەخموور، بڕیارە ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكی فەرمیدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هەردوولا رێگاكە بكرێتەوە و هاتوچۆ لەو رێگایە ئاسایی ببێتەوە، چونكە حكوومەتی عێراقیش رەزامەندیی داوە بۆ كردنەوەی رێگاكە".
رزگار محەممەد گوتیشی: "دوای مەراسیمی كردنەوەی رێگاكە، ئێمەیش وەكوو ئیدارەی شارەكە دەگەڕیێنەوە بۆ ناو مەخموور و كۆبوونەوەیەكی فراوانیش لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری ئەنجام دەدەین و دەست بە دەوامی فەرمیی خۆمان دەكەینەوە".
بە هۆی ئەوەی رێگای مەخموور بۆ هەولێر داخرابوو لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەر، ئیدارەی شارەكە لەوێ نەمابوو و كاروباری ئیداریی خۆیان لە دیبەگە بەڕێوە دەبرد، چونكە رێگەی هاتوچۆ نەبوو، بەڵام دوای كردنەوەی رێگاكە، بڕٍیارە ئەوانیش بگەڕێنەوە بۆ دەوامی ئاسایی خۆیان.