قەرەیلان : گۆڕان لای ئێمە حزبێکی لۆکاڵییە
بەرپرسێکی پێشووی کەناڵی KNNی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد، بەرپرسێکی پارتی کرێکارانی کوردستان " پەکەکە " پێی گوتووە کە ئەوان گۆڕان وەکوو هێزێکی لۆکاڵ دەبینن.
شەوقی کانەبی کە پێشتر بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کەناڵەکەی بزووتنەوەی گۆڕان بووە، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی " فەیسبووک " نووسینێکی بەناوی " پەکەکە چۆن لە گۆڕان دەڕوانێت " بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، لە ساڵی ٢٠١٣دا چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ موراد قەرەیلان کە ئەوکاتە سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان " کەجەکە " بووە، ئەنجام داوە و دوای کۆتاییهاتنی چاوپێکەوتنەکەی، لەگەڵ قەرەیلان گفتوگۆی کردووە.
شەوقی کانەبی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لە گفتوگۆکەدا ڕەخنەی لە پەکەکە گرتووە و گوتوویەتی کە پەکەکە ”موجامەلەی پارتی دەکەن و تەنازولیان بۆ دەکەن، بەڵام سەرەڕای ئەو پشتیوانییەی گۆڕان لە پەکەکە و دۆزی کورد لە باکوور، ئیعتیبارێکی گەورە بۆ گۆڕان دانانێن“.
بەرپرسەکەی پێشووی KNN نووسیویەتی: “وەڵامی قەرەیلان ئەوەبوو کە گۆڕان هێزێکی لۆکاڵە و لە باشووری کوردستان بە تایبەتیش قورساییەکەی لە شاری سلێمانییە، بۆیە ئەوانیش هەر وەک هێزێکی لۆکاڵ دەیانبینن، نەک هێزێک کە هەڵگری پرسێکی کوردیی سەرتاسەری بێت لە هەموو پارچەکانی کوردستان”.