كەرکووک/ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە قوتابخانەکان قەدەغەكرا
پەیامی کورد... كەرکووک/ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە قوتابخانەکان قەدەغەكرا
پەروەردەی کەرکووک بە نوسراوی فەڕمی سەرجەم قوتابخانە کوردی و تورکمانییەکان ئاگادار دەکاتەوە کە جگە لە ئاڵای عێراق، هەڵکردنی هەموو ئاڵایەکی تر قەدەغەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-1-2024 بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکووک نوسراوێکی ئاڕاستەی دەستەی کارگێڕی قوتابخانەکانی کوردی و تورکمانی و سریانی و عەرەبی کردووە کە واژووی مەنسور مزری مەلوم بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکوکی پێوەیە و تێیدا هاتووە،"هیچ یاسایەک نییە پاڵپشتی هەڵکردنی هیچ ئاڵایەکی دیکە بکات جگە لە ئاڵای عێراق".
نوسراوەکە بەژمارە 463، لە 4ی کانونی دووەمی 2024، ئاراستەی بەش و هۆبە و ئیدارەی قوتابخانەکان کراوە، تێیدا ئاماژە بەوەکراوە کە تەنها هەڵکردنی ئاڵای عێراق لەسەر قوتابخانەکان رێگەپێدراوە.
ئاماژە بەوەشدراوە،"بەپێی ئەوەی یاسایەک نییە بۆ هەڵکردنی ئاڵا جگە لە ئاڵای عێراق لەسەر دامودەزگا فەرمییەکان بۆیە بڕیاریان داوە هەڵکردنی هەموو ئاڵایەکی دیکە جگە لە ئاڵای عێراق قەدەغەبکرێت".
هۆشداریش دراوە،"هەر کەسێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکەنەوە".