یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا: بۆردومانەكانی ئێران پێشێلكردنی سەروەری عیراق و هەرێمی كوردستانە
پەیامی کورد... یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا: بۆردومانەكانی ئێران پێشێلكردنی سەروەری عیراق و هەرێمی كوردستانە
یەكێتی ئەوروپا و ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئیدانەی بۆردومانەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكەن و جەخت لەوە دەكەنەوە، پێشێلكردنی سەروەری عیراق و هەرێمە.
ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، بە پشتیوانی هاوپەیمانەكانیان زۆر بە وردی و لە نزیكەوە چاودێری رەوشی عیراق و بۆردومانەكانی ئێران دەكەن، بەتایبەتی بۆردومانەكانی چەند رۆژی رابردوو بۆ سەر هەرێمی كوردستان كە ژمارەیەك قوربانی لێكەوتەوە.
وتوشیەتی، ئەوەی ئێران دەیكات بەدڵنیاییەوە پێشێلكردنی سەروەری عیراق و هەرێمی كوردستانە و رێزنەگرتنە لە بنەماكانی دراوسێیەتی، بەهەموو شێوەیەكیش ئامادەن هاوكاری عیراق و هەرێمی كوردستان بكەن بۆ رێگەگرتن لە دوبارەبونەوەی ئەو بۆردومان و هێرشانەی ئێران.
لای خۆشیەوە یەكێتی ئەوروپا لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، چەندین جارە ئێران سەروەری عیراق و هەرێمی كوردستان پێشێل دەكات و لە بۆردوومانەكانیشدا هاوڵاتی مەدەنی دەكاتە ئامانج، ئەوەش پێشێلكردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان ومافەكانی مرۆڤە.