TR KU SO
FB X
Kurdistan

لە بۆکان یادی حەسەن زیرەک کرایەوە

Navas Jan
Admin
📅 27 Haziran 2018 17:02

پەیاما کورد ـ لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یادی هونەرمەندی دەنگ خۆشی کورد حەسەن زیرەک کرایەوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە لە چالاکانی نێۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر ماڵپەڕە کۆمەلایەتییەکان بڵاویان کردوەتەوە،، دامەزراوەی فەرهەنگی و هونەریی زیرەک، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ژوئەن، لە پارکی زیرەک هەڵکەوتوو لە کێوی "ناڵەشکێنە" لە سەر مەزاری مامۆستا زیرەک، بە بەشداریی هونەرمەندان، شاعێران، نووسەران و هۆگرانی ناوبراو یادوارەی چل و شەشەمین ساڵڕؤژی کۆچی دوایی بۆ ئەو کەسایەتییە هونەرییەی بەڕێوە برد.

لەو یادوارەیەدا، میوانێکی زۆر لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور لە شارە جیاوازەکاندا بەشدار ببوون.

لە کۆڕیادی مامۆستا زیرەک، "سووسەن حەسەنزادە"، نووسەر و بەرپرسی دامەزراوەی فەرهەنگی و هونەریی زیرەک، وێڕای بەخێرهاتنی میوانان، باسی لە گەورەیی مامۆستا زیرەک کرد و هیوای خواست کە هەموو لایەک بتوانن بۆ بەرەوپێشخستنی فەرهەنگ و هونەری کوردستان هەنگاو هەڵبگرن.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، هونەرمەندانێکی دیکە وەک "خالید حیسامی، ڕەسووڵ چووپانی، هەژار حەسەنزاده، سمکۆ یووسفی، مامۆستا نامۆ و سەیدزادە خاقان "پۆڵا" بە خوێندنەوەی شێعر و هەروەها دەنگخۆشەکانی وەک عەلی فرووتەن، ئەمیر بوخارایی و سەدیق شیرمحەممەدی ڕێوڕەسمەکەیان زیاتر ڕازاندەوە.

حەسەن زیرەک گۆرانیبێژی ناوداری کورد، ھونەرمەند و مۆسیقازانی سروشتی ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی، لە شاری بۆکان چاوی بە دنیا هەڵێناوە.

زیرەک ٣٦٢١ گۆرانی هەیە، کە بەشی زۆری شێعری گۆرانییەکانی خۆی وتوویەتی، ناوبراو ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی، لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشیی جەرگ و گەدە بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیانی هونەری کرد.

Paylas: