"لە داهاتوویەکی زۆر نزیک ٢٥ سەرۆک شارەوانی نوێ لە دھۆک دەستبەکار دەبن"
پەیامی کورد ... "لە داهاتوویەکی زۆر نزیک ٢٥ سەرۆک شارەوانی نوێ لە دھۆک دەستبەکار دەبن"
بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ژمارەیەکی بەرچاو سەرۆک شارەوانی سنووری پارێزگای دھۆک دەستبەکار ببن و بەڕێوبەری شارەوانییەکانی دھۆکیش دەڵێت، لە قۆناغی کۆتاییداینە و ھێندەی نەماوە بۆ دەستبەکاربوونیان.
دیار بەحری، بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکانی دھۆک، ڕایگەیاند: "لە سنووری پارێزگای دھۆک ٤٧ شارەوانی ھەن و ھەمووشیان دەکەونە قەزا و ناحیەکانی دھۆک، ژمارەیەک لەو سەرۆک شارەوانییانە ماوەی چەند ساڵە لە پۆستەکانیان بەردەوامن لە خزمەتکردن، لەبەر ئەوەش بڕیار دراوە گۆڕانکاری بکرێت لە سەرۆکشارەوانییەکانی دھۆک."
بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی دھۆک ووتیشی: "پێشتر ژمارەیەک سەرۆکشارەوانی گۆڕدران و بڕیارە ٢٥ سەرۆک شارەوانی دیکەش بگۆڕدرێن و خەڵکی نوێ دەکرێنە سەرۆکشارەوانی، ئەوەش لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری ھاووڵاتییان."
دیار بەحری ڕوونی کردەوە: "لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا پڕۆسەی گۆڕینی سەرۆک شارەوانییەکانی دھۆک دەکەوێتە واری جێبەجێ کردن و ئێستا لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای دھۆک خەریکی ئامادەکردنی سەرۆک شارەوانی نوێین، بێگومان گۆڕانکاری و پێشکەوتن بۆ ھێنانە پێشەوەی خەڵکی نوێ دەگەڕێتەوە، کە دواجار ھاووڵاتییان سوودمەندی یەکەم دەبن."