TR KU SO
FB X
Kurdistan

لێژنەیەکی هاوبەش لە لایەن پارتی و یەکیتی یەوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک پێکدێت

سارا
Yazar
📅 13 Mart 2019 17:20

پەیامی کورد  ...  جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركووك _ گەرمیانی پارتی ڕایگەیاند، بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا لیژنەیەكی ھاوبەش لە نێوان پارتی و یەكێتی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك پێك بێت و دواتر ئەو لیژنەیە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەكات.

دیاری حسێن، ڕایگەیاند: "بڕیارە لیژنەیەكی ھاوبەش لە نێوان پارتی و یەكێتی دروست بكرێت بۆ چارەسەركردنی دۆخی كەركووك و بەغدا، چونكە پێویستە كێشەكانی كەركووك لە رێگەی بەغداوە چارە بكرێن و سەرۆكوەزیران بڕیار بدات بەوەی كە ھێزەكان كەم بكرێنەوە و ئەو بەرپرسانەی لادراون بچنەوە سەر كاری خۆیان و بارەگاكانی پارتی بگەڕێنەوە، چونكە حەشدی شەعبی باڵادەستە و پێویستە بەغدا بڕیاری لەسەر بدات".

گوتیشی: "ئێمە لیژنەیەكمان ھەیە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و بڕیارە لیژنە ھاوبەشەكەش بە زووترین كات دروست بكرێت و ئێمەش لە رێگەی لیژنەكەی خۆمانەوە ھەموو داواكارییەكانی خۆمان گەیاندووەتە بەغدا".

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركووك _ گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشیگەیاند: "ھەوڵەكانی ئێمە بەردەوامن بۆ ئەوەی دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و سەرجەم كێشەكانیش چارەسەر بكرێن، چونكە ناكرێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت، بۆیە ھەر چۆنێك بێت كێشەكان چارەسەر دەكرێن، بەڵام پێویستی بە كات ھەیە".

Paylas: