لاوێکی مەهابادی سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا
پەیامی کورد... لاوێکی مەهابادی سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا
لاوێکی خەڵکی مەهاباد بەناوی سوهراب ئاویزکەن کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە سزای ٣ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوەی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سوهراب ئاویزکەن، خێزاندار و باوکی منداڵێک لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و ئاژاوەگێڕی بۆ تێکدانی نەزمی گشتی" و "بەشداری لە خۆپیشاندان" سزای سێ ساڵ بەندکران و نیشتەجێبوونی زۆرەملێی لە شاری زەنجان بەسەردا سەپێندراوە.
سوهراب ئاویزکەن، دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بۆ ماوەی چەند مانگێک بێسەروشوێن بووە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە بێ ئاکام مابووەوە.
هەنگاو پێشتر لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندبوو: سوهراب ئاویزکەن لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی زۆری هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆی کراوە.
شیاوی ئاماژەپێدانە کە ئەم هاووڵاتییە لە هەموو ماوەی دەستبەسەرکران و لێپرسینەوەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و مافە سەرەتاییەکانی دیکەی هەر بەندکراوێک بێبەشبووە.
سوهراب ئاویزکەن ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، لەلایەن هێزەکانی سازمانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرابوو و دوای لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرابوو.