TR KU SO
FB X
Kurdistan

چالاکوانێکی ژن لە سەقز سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا

Navas Jan
Admin
📅 12 Şubat 2024 19:29

پەیامی کورد... چالاکوانێکی ژن لە سەقز سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا


سەمیرا ئەحمەدی لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی سەقز کە لە بەرەبەرەی ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای ٣ ساڵ بەندکران و قەدەغەی چوونە دەرەوە لەو لاتی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایییانەدا سەمیرا ئەحمەدی چالاکی مەدەنی خەڵکی سەقز لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سەقز بە سەرۆکایەتی جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "بەشداری لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ئەو سزایە، ڕۆژانی پێشووی بەندکرانی ناوبراو هەژمار دەکرێت و هەروەها بێجگە لە ٣ ساڵ بەندکران، سزای ٢ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێرانیش بەسەریدا داسەپێندراوە.

سەمیرا ئەحمەدی کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) لە شەقامی شارەوانی سەقز بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە شاری سنە گواسترایەوە.

ناوبراو لە ئاکامدا دوای تێپەڕکردنی ٣٤ ڕۆژ دەستبەسەرکران ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەر (١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) بەدانانی بارمتەی ٩٠٠ ملیۆن تمەنی و هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادوەرییەکەی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازادکرا.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە سەمیرا ئەحمەدی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژ بە خۆی کراوە و لە ڕۆژانی دەستبەسەربوونیدا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەشکراوە.

 

Paylas: