لاوێکی کورد لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا
پەیامی کورد... لاوێکی کورد لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا
ڕامین فاتیحی خەڵکی سنە، کە ١٠ ڕۆژ لەمە بەر لەگەڵ خوشک و براکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شار سنە ڕفێندرابوون، لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی، ٢٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، ناوەندە ئەمنییەکان هەواڵی گیان لەدەستدانی ڕامینیان بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی فاتیحی لەمبارەوە ڕاگەیاند: "ڕامین لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی فاتیحییان وتووە کە کوڕەکەیان لە بەندی تاکەکەسی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات خۆی کوشتووە".
ئەمڕۆ شەممە، ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ڕامین فاتیحی بەڕێوە دەچێت.
ڕامین فاتیحی لەگەڵ براکەی وریا فاتیحی ڕۆژی شەممە، ٢١ی ڕەزبەر (١٤ی ئۆکتۆبەر) و خوشکەکەی ڕادا فاتیحی لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرابوون، هەتا کاتی ڕاگەیاندی هەواڵی مردنی ڕامین، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراوان لەبەردەستدا نەبووە.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕامین فاتیحی چوارەمین هاووڵاتیی کوردە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا دەستبەسەرکراوە و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە.