TR KU SO
FB X
Kurdistan

لە رۆژانی پشووی سەری ساڵ سەرجەم سەنتەرەکانی وەرگرتنی ڤاکسین کراوە دەبن

Navas Jan
Admin
📅 26 Aralık 2021 14:03

پەیامی کورد … لە رۆژانی پشووی سەری ساڵ سەرجەم سەنتەرەکانی وەرگرتنی ڤاکسین کراوە دەبن

 وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی دەوامی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان لە رۆژانی پشوو بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت،"لە رۆژانی پشووی سەری ساڵ سەرجەم سەنتەرەکانی وەرگرتنی ڤاکسین کراوە دەبن".

بەپێی گشتاندنێكی  وەزارەتی تەندروستی  كه‌ ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانی ته‌ندروستی سه‌رجه‌م پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌، هاتووە،" هاووڵاتیانی بەڕێز و دام و دەزگاکانی تەندروستی ئاگاداردەکەینەوە کەوا رۆژانی پشووی فەرمی هەمان رۆژانی پشووی راگەیەندراوە کە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 25-12-2021 دەستپێدەکات تاوەکو 2-1-2022 کە یەکەم رۆژی دەوام دەبێت".

ئاماژە بەوەشدراوە،بۆ ئەم مەبەستە نەخۆشخانە و دامودەزگا تەندروستییەکان رادەسپێرێت کە تەنها ئێشکگری دەبێت بۆ کارئاسانی هاووڵاتیان و بەرژەوەندی گشتی بەپێی ئەم رێنماییانەی خوارەوە:

1. پابەندبوون بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بەستنی ماسك و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی لە قەرەبالغی و بایەخدان بە پاکوخاوێنی تاك بەتایبەت دەست شوشتن.

2. پابەندبووون بە وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن هاووڵاتیان لە سەنتەرەکانی پێدانی ڤاکسین .

3. لە رۆژانی پشووی سەری ساڵ سەرجەم سەنتەرەکانی وەرگرتنی ڤاکسین کراوە دەبێ بۆ پێشوازی لەو هاووڵاتیانەی کە مەبەستیانە ڤاکسین وەربگرن.

4. فریاکەوتنەکان 24 كاتژمێر کراوە دەبن بەشێوەی ئێشکگری.

5. دەوامی نەخۆشخانەکان بەشێوەی ئێشکگری دەبێت.

6. نۆرینگە دەرەکیەکان کراوە دەبن لە رۆژانی پشوو.

7. راوێژکارییە 24 كاتژمێرییەكان کراوە دەبن بە پێی خشتەی دەوامکردنیان لە لایەن بەڕێوەبەرایتییە گشتییەکان دیاریدەکرێت.

8. سەنتەرەکانی شووشتنی گورچیلە بەردەوام کراوە دەبێت بەشێوەی ئێشکگری کە لەلایەن بەڕێوەبەرایتییە گشتیەکان دیاری دەکرێت.

9. تیمەکانی فریاگوزاری و هێڵی 122 بەردەوام دەبن لە ئەرک و کارەکانیان بەشێوەی 24 كاتژمێری وە بەهۆی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.

10. لەکاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە دەبن لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان.

11. تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشییە گوازرەوەکان و چاودێری تەندروستی) بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونەکانیان.

12. پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوەرەکان لە کەمپەکان بەردەوام دەبێت.

13. پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری لە رۆژانی پشوودا.

14. هێڵەکانی مۆبایلی بەڕێوەبەر و بەپرس و وەرگری بەشەکان کراوە دەبن و وەڵامی پەیوەندییەکان دەدرێنەوە لە رۆژانی پشوو.

15. لێژنەکانی بەدواداچوون لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و نەخۆشخانەکان بەردەوام دەبن بۆ بەدواداچوونی دەوامی نەخۆشخانە و دەزگا تەندروستییەکان.

Paylas: