لە کرماشان کچێکی مێرمنداڵ بە دەستی باوکی کوژرا
پەیامی کورد … لە کرماشان کچێکی مێرمنداڵ بە دەستی باوکی کوژرا
کچێکی مێرمنداڵی خەڵکی کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی باوکی و بە چەقۆ کوژرا.
بە گوێرەی هەواڵێکی ڕێکخروی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی تەمووزی ٢٠٢١، کچێکی مێرمنداڵی ١٦ ساڵەی کرماشانی بە ناوی شەکیبا بەختیار، بە پاساوی نامووس بە دەستی باوکی و لێدانی چەندین چەقۆ، کوژرا.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەکیبا بە هۆی ئەوەی درەنگ لە بازاڕەوە هاتووەتە ماڵەوە لە لایەن باوکییەوە کە ناوی شاپوور بەختیارە لێیدراوە و پاشان چەندین جار دراوەتە بەر چەقۆ و کوژراوە.
بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ن ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٧٢١ (سەرەتای بەهار) تا ئیستا ٩ ژن و کچ لە شارەکانی کوردستان کوژراون کە هەشت کەسیان بە دەستی کەسانی نزیکی بنەماڵەکەیان بووە. هەروەها دوو کەس لەو نۆ کەسەش بە پاساوی نامووس کوژراون.