لە کرماشان ژنێک لەلایەن کوڕە مامەکەیەوە کوژرا
پەیامی کورد … لە کرماشان ژنێک لەلایەن کوڕە مامەکەیەوە کوژرا
ژنێکی لاوی خەڵکی کرماشان دوای ئەوەی حازر نەبوو شوو بە ئامۆزاکەی خۆی بکات، لەلایەن ئامۆزاکەیەوە کوژرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٣ی نۆڤەمبری ٢٠٢١)، ژنێکی لاوی خەڵکی کرماشان بە ناوی ئارەزوو ئولفەتی گوڵدەستە لەلایەن کوڕەمامەکەی خۆیەوە کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمیر تەمەن ٣٨ ساڵ و کوڕەمامی ئارەزوو، دوای ئەوەی ئارەزوو حازر نەبووە شووی پێ بکات لە گەڕەکی ئاناهیتای کرماشان بە ئۆتۆمبێل خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەیاندا کێشاوە. لەو ڕووداوەدا ئارەزوو دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە و خۆشکێکیشی چووەتە کۆما و ئێستا لەژێر چاوەدێریی چڕی پزیشکیدایە.
ئەو سەرچاوەیە کە ناسنامەی لای هەنگاو پارێزراوە لەدرێژەدا وتی: “بکوژەکە دوای ئەوەی کە ئۆتۆمبێلی ئارەزوو و خۆشکەکەی هەڵدێراوە، تەرمی ئارەزووی هێناوەتە دەرەوە و سێ گولەیشی لە سەری داوە”.
جیگای ئاماژەیە کە ماوەیەک پێش ئیستا کوڕەمامی ئارەزوو چوبووە ماڵ زڕباوکی ئارەزوو و تەقەی کردبوو کە دوای تۆمارکردنی سکاڵا دەستبەسەر کرابوو. بەم حاڵەش ئارەزوو ڕەزامەنی دابوو کە ئەمری ئامۆزای ئازاد بکرێت.
ئەمیر دوای کوشتنی ئارەزوو هەڵاتووە و هەتا ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر نەکراوە.