لە شاری بانە پێنج کەس دەستەسەر کران
ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم پێنج هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردووە.
بە گوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٩ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٢٩ی دێسامبری ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بانە، پێنج هاووڵاتیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
ناسنامەی سێ کەس لەو دەستبەسەر کراوەکان “محەممەد کەریمی”، “زاهیر خودایی” و “باسید حاجی جەمال” ڕاگەیاندووە و ناسنامەی دوو کەسی دیکە تا ئێستا ڕوون نەبوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە، باسید و زاهیریان لە پێش نەخۆشخانەی ڕازی و محەمەدیان لە ماڵی خۆی دەستبەسەر کردووە.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، لە سەر هۆ یا هۆکارەکانی دەستبەسەرکردنی ئەم پێنج هاووڵاتیە و ئەو تۆمەتانەی بەڕەوڕوویان بووەتەوە هیچ زانیاریەک لەبەردەست نیە و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە.