لە شاری مەریوان چوار هاووڵاتی ڕفێندراون
پەیامی کورد... لە شاری مەریوان چوار هاووڵاتی ڕفێندراون
لە شاری مەریوان چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی موبین پاتینی، سیروان کرداری، محەممەد دادڕەس و عومەر جەهانی لەلایەن هێزە حکومەتییەکان ڕفێندران و چارەنووسیان نادیارە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) موبین پاتینی تەمەن ١٨ ساڵ و سیروان کرداری تەمەن ٢٧ ساڵ، لە ماڵی یەکێک لە ناسراوەکانیان لە شاری مەریوان لەلایەن هێزە حکومەتییەکان بە بەکارهێنانی توندوتیژی ڕفێندران.
لە درێژەی ڕەوتی سەرکوت لە کوردستان، کاتژمێر ٢ی سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی سەرماوەز، محەممەد دادڕەس و عومەر جەهانی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی سەردۆش سەر بە شاری مەریوان، لەلایەن هێزە حکومەتییەکان لە ماڵەکانی خۆیاندا ڕفێندران.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو چوار هاووڵاتییە لەبەردەست دانییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان بێ ئەنجام ماوەتەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی گیان لەدەستدانی لانی کەم ٧ هاووڵاتی کورد لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە حکومەتییەکان لە ماوەی ڕەوتی بەرگری و بەرخۆدانی دوو مانگی ڕابردوو دا، دۆخی تەندروستی و گیانی دەستبەسەرکراون و ڕفێندراوان لە مەترسیدایە و نیگەرانی جددی لێکەوتووەتەوە.