لە شارۆچکەیەکی ئێران لە ماوەی مانگێکدا ٦ قوتابی خۆیان کوشتووە
پەیامی کورد ... لە شارۆچکەیەکی ئێران لە ماوەی مانگێکدا ٦ قوتابی خۆیان کوشتووە
بە خۆکوژیی قوتابییەکی دیکەی تەمەن ١٥ ساڵ لە شاری ''ڕامهۆرمۆز''، سەر بە پارێزگای خووزستان ژمارەی ئەو قوتابییانەی کە لە مانگی ڕابردوودا لەو شارە بەهۆی نەبوونی مۆبایل خۆیان کوشتووە، گەیشتە ٦ کەس.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ''عەسری جنووب'' ئەم قوتابییە کچە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٢ی خەزەڵوەر، بەهۆی نەبوونی مۆبایل بۆ درێژەدان بە خوێندن خۆی هەڵواسیوە و لە یەک مانگی ڕابردووەوە ٥ خۆکوژیی هاوشێوە لەو شارە ڕوویداوە.
''ڕۆستەمی'' بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ''ڕامهۆرمۆز'' هۆکاری ئەو ڕووداوە تاڵەی بۆ ''کێشەی بنەماڵەیی، دەمارگرژیی کوێرکوێرانە، هێرش بۆ سەر ڕوانگە و سۆزەکانیان و وڵام نەدانەوە بە پێداویستییەکانیان'' گەڕاندووتەوە.
ناوبراو وتوویەتی کە لە ٢٧ هەزار قوتابیی ''ڕامهۆرمۆز'' لانیکەم ٤ هەزار قوتابی مۆبایلیان نییە و ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.