لە سنووری هەولێرهەندێک مامۆستا بایکۆتیان کردووە
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، رایدەگەیەنێت لە سنووری هەولێر تاک و تەرا مامۆستا بایکۆتیان کردووە، ئەوانەش کاریگەریی هەندێ لایەنی سیاسییە.
بەشدار عەبدولخالق، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر رایگەیاند، ئەوانیش لەگەڵ داواکردن و پێدانی مافەکانیانن، بەڵام هەندێ لایەن بۆ مەرامی سیاسی و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی بەغدا، خۆیان خزاندووەتە ناو خۆپیشاندانەکان و نیازی بەلاڕێدابردنی داواڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران.
دوای ئەوەی حکوومەت چاکسازییەکانی لە پاشەکەوتی مووچە راگەیاند، لە سنووری پارێزگای هەولێر فەرمانبەران و مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی بە گشتی، هەموو چالاکییەکان راگرتووە و گەڕاونەتەوە سەر دەوامی ئاسایی خۆیان.
بەڵام ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژە دەدات، کە لە سنووری هەولێر تاک و تەرا مامۆستا هەیە بایکۆتیان کردبێت، ئەویش لەژێر کاریگەریی هەندێ لایەنی سیاسی بووە، هەندێکیش وەک چاولێکەری و گوتیشی "تەنیا ناوەندی هەولێرە بایکۆتی تیا کراوە، ئەو قوتابخانانەش بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، بەڵام لە کۆی 11ی پەروەردەکەی چواردەور، هیچ قوتابخانەیەک بایکۆتی نەکردووە، لە 1ی 4یشەوە دەوامی قوتابخانەکان ئاسایی دەبیتەوە".