TR KU SO
FB X
Kurdistan

مەحما خەلیل: بەغدامان ئاگادار کردووە کە بە مەرج دەگەڕێینەوە

📅 07 Nisan 2018 19:24

قایمقامی شنگال رایگەیاند، حكوومەتی عێراقیان ئاگادار كردووەتەوە بەوەی كە، بە مەرج دەگەڕێنەوە بۆ شارەكە، ئەویش دوای دەركردنی پەكەكە و حەشدی شەعبی لە شارەكە و، كردنەوەی رێگاكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی شنگال.


مەحما خەلیل، قایمقامی شارۆچكەی شنگال، راگەیاند: "داوای گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعیی شنگال كراوە بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ سەر دەوامی فەرمیی خۆمان، ئێمەیش چەند مەرجێكمان بۆ گەڕانەوە داناون، كە بریتین لە دەركردنی حەشدی شەعبی و پەكەكە لەشنگال و، پێویستە پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هاوبەشی ئەمنییەتی ناوچەكە بپارێزن، ئەگەرنا ئێمە ئامادە نین لە ژێر دەستەڵاتی حەشد و پەكەكەدا بگەڕێینەوە بۆ شارەكە، چونكە پارێزراو نابین".

خەلیل راشیگەیاند: "داوامان كردووە رێگاكان بكرێنەوە و ناوچەكەیش ئاوەدان بكرێتەوە و ئاوارەكان بگەرێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، چونكە ناكرێت ناوچەكە وێران بێت و خەڵكیش هەر لە ئاوارەییدا بێت".

ناوبراو گووتیشی: "جارێ چاوەڕێی كشانەوەی پەكەكە دەكرێت، بەڵام ئێمەیش چاودێری دەكەین و بزانین تا چەند ئەمە راستە، چونكە تەنیا باسی كشانەوەی بیانییەكان دەكرێت و ئەوانەی دیكە لەشنگال ماون".

لە دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر، ئیدارەی شەرعیی شنگال بە هۆی هاتنی حەشد و هێزە عێراقییەكانەوە بۆ شارەكە، لە ناوچەكە نەمان و لە سنووری پارێزگای دهۆك كاروبارەكانیان ڕادەپەڕێنن لە ئێستایشدا حەشدی شەعبی و پەكەكە ئیدارەیەكی ناشەرعییان داناوە، بۆیە ماوەیەكە داوای گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی بۆ شارەكە دەكرێت.

Paylas: