مەحموود سەنگاوی !!! یەكێتی گوناحی چییە كە تۆ لەشەڕەكاندا قوچاندووتە؟
لە بەرامبەر ووتەكانی مەحموود سەنگاوی كە ڕەخنەی توندی ئاراستەی مەلا بەختیار کردبوو. ماڵپەری چاودێری سەر بە مەلا بەختیار وەڵامی مەحموود سەنگاوی دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، مەحموود سەنگاوی لەو كەسانەیە لەگەڵ ئیمامی عەلی نوێژدەكەن و لەگەڵ مەعاویەش نان دەخۆن. دەشڵێت “ئەم كاكە مەحمودە، لەدوای هێرشەكانی داعش، لەخوت و خۆڕایی جەلەولا و سەعدیە و زنجیرە تەپۆڵكەكانی (كوباشی)و (وادی عەوسەج)ی بەبێ تەقە جێهێشت”.
لە وەڵامەكەی بەشی ھەواڵی ماڵپەڕی چاودێردا بۆ مەحموود سەنگاوی ھاتووە: “چاوەڕێ ناكەین، كەسایەتیەكی بێمەعریفەی ئاوها، قسەی جوان لەو دەمەی لێ بێتەدەر، كە لە دۆلار حساب كردندا، دەمی هیلاك بووەو لە هەڕەشەكردن لە نوسەران و تێكۆشەراندا دەمی مەحموود هیچی نەگێڕاوەتەوە!”.
ھەروەھا ماڵپەڕەكەی مەلابەختیار دەپرسێت: “مەحموود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسییە، یان سەرۆكی میلیشیا؟ ئەگەر مەكتەبی سیاسییە و ئەگەر هێزی یەكێتی دەیپارێزێ؟ چۆن زمانی هەڕەشە بەرامبەر یەكێتی بەكاردێنێو دەڵێ: كەس ناتوانێ من سزا بدات و كەس ناتوانێ لێكۆڵینەوە لەگەڵ مندا بكات؟. مەحموود سەنگاوی، ئەگەر یەكێتییە و مەكتەبی سیاسیشە، چۆن بڕیارەكانی جێبەجێ نەكات و بەرگری لە رەوتەكەی بەرهەم دەكات و لەكۆبونەوە بڕیار قبووڵ دەكات و لە دەرەوەی كۆبونەوەش، پێچەوانەكەی دەكات؟. ئەگەر مەحموود سەنگاوی یەكێتییە و د.بەرهەم لە یەكێتی جیابۆتەوەو رۆژانە هێرش دەكاتە سەر یەكێتی، ئەی بۆ تەنها جارێك، لەم هەموو وتارانەی كە مناڵەكانیشی نازانن چی دەڵێ، بۆچی تەنها جارێك رەخنەی لە د.بەرهەم و لادانەكەی نەگرتووە؟”.
لە بەشێكی دیكەی ئەو وەڵامەدا ماڵپەڕی چاودێر بۆ مەحموود سەنگاوی دەڵێت: “ئەم كاكە مەحموودە، لەدوای هێرشەكانی داعش، لەخوت و خۆڕایی جەلەولاو سەعدیەو زنجیرە تەپۆڵكەكانی (كوباشی)و (وادی عەوسەج)ی بەبێ تەقە جێهێشت. لەدوای هاتنی حەشدی شەعبیش، دیسان بەبێ تەقە، تەواوی ناوچەكەی جێهێشت و مەشجەبەكەیو (28) سەیارەو دۆشكەو تەواوی كەلوپەلی تەنانەت بارەگا سەرەكیەكەی خۆیشی، دەستیان بەسەردا گیرا. بەبێ ئەوەی تەقەشیان لەسەربێ. بەڵكو لەبەرچاوی خەڵكەوە، نەكا پردەكەی (گردەگۆزینە)ی نێوان كەلارو خانەقینیش گیرابێ (بەڵێ نەكا!!) مەحموود سەنگاوی لەرێگەی ناحیەی مەیدانەوە پاشەكشەی قارەمانانەی كردو ماوەیەك هەر شەرمی دەكرد لەكەلاریش دەركەوێ. خەڵكی خۆی دەنارد، بۆ كارە تایبەتیە ناشەرعیەكانی! ئێستا دەپرسین: ئەم مەحموودە، بۆچی بەرامبەر دوژمنان ئاوا هەڵدێ و لەناو یەكێتیش هەڵمەت دەبات بۆ پەرۆشەكانی یەكێتی؟”.
ھەروەھا ماڵپەڕەكەی مەلا بەختیار بۆ مەحموود سەنگاوی دەڵێ: “یەكێتی گوناحی چییە كە تۆ لەشەڕەكاندا قوچانوتە؟ یەكێتی گوناحی چییە كە بێزراوی؟ وا چاكە دەست بە شەبقەكەتەوە بگریت، بای نەفرەت نەیبات. تازە، بەم هەڵمەتانەت بۆ قوڵكردنی كێشەكانی ناو یەكێتی و بەرگریت لەتێكدەرانی یەكێتی دادت نادات. دڵنیابە بەهۆی كردەوە ناشەرعییەكانت، سەرەنجام، لەبەردەم دادگا بەبەڵگەوە دەگەیتە سزای عادیلانە. گونیەكەت پڕ بووە لە تاوان و تاوانی تاڵانی ناوچە عەرەب نشینەكانی دەوروبەری جەلەولاش، لەسەرت كۆدەكرێتەوە بۆ سزادان. ئەوەی تۆو هاوڕێكانت لە جەلەولاو دەوروبەری كردوتانە. مایەی شەرمەزارییەكی بێوێنەیە لەوناوچەیەدا”.
چاودێر نووسیویەتی: “ئەگەر كەیسی خۆت لە (سوید) چاك كردۆتەوە، كە لێكۆڵینەوەی پۆلیست لەسەرە، بڕۆ ئەو شوقانەی لەوێ كڕیوتن و باقی تەمەنت بەرە سەر.. با مناڵەكانیشت بەخۆتەوە توش نەبن!”.