TR KU SO
FB X
Kurdistan

پەیامی مەسرور بارزانی بە بۆنەی دامەزراندنی " پارتی دیموکراتی کوردستان "

سارا
Yazar
📅 16 Ağustos 2018 16:31

 به‌ بۆنه‌ی ١٦ی ئاب ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوکات له‌دایکبوونی جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی، مه‌سرور بارزانی ڕایگه‌یاند، پارتی، به‌ درێژایی ٧٢ ساڵ خه‌باتی به‌ رێبه‌رایه‌تی بارزانی نه‌مر و جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی، ڕۆژانی سه‌خت و پیلانی گه‌وره‌ی تێپه‌ڕاندووه‌، ووتیشی، لەمەولاش پارتی بەهێزی زیاترەوە بەرەو ئایندەیەکی گەش هەنگاو دەنێت و سەر بۆ هیچ فشارێک و هەرەشەیەک ناچەمێنتەوە.

 

ئه‌مه‌ش دەقی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانییه‌:

به‌ بۆنه‌ی ١٦ی ئاب ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوکات له‌دایکبوونی جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی، پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی سەرجەم پەیڕەوانی رێبازی پارتی و بارزانی و نیشتمانپەروەرانی کوردستان دەکەم.

بۆ من و سەرجەم دڵسوز و تێکۆشەرانی ڕاستەقینەی نیشتمان، سه‌رۆک بارزانی ڕێبەر و هێمایەکی مه‌زنی نیشتمانییە‌، که‌ ته‌واوی ژیانی خۆی، بۆ سه‌رفرازی میلله‌ته‌که‌مان و چه‌سپاندنی ئاشتی و و په‌ره‌پێدانی که‌لتوری مرۆڤدۆستانه‌ و پێکه‌وه‌ژیانی گشت پێکهاتەکانی کوردستان تەرخان کردووە‌.

وێڕای پێرۆزبایی، هیوای ته‌مه‌ندرێژیی بۆ جەنابیان ده‌خوازم.

به‌ده‌رفه‌تی ده‌زانم، سوپاس و پێزانینم ئاراستەی هه‌موو هه‌ڤاڵانی پارتی " پێشمه‌رگه‌، کادر، ئه‌ندام و لایه‌نگرانی " بکه‌م، که‌ وێڕای هەموو سەختی و قەیرانەکان، به‌ هه‌وڵ و چالاکی به‌رده‌وامیان، پارتی لە سەر ئاستی نیشتمان و ناوچەکەدا بە پێشەنگی و هێزەوە ماوەتەوە‌‌.

لەم بۆنەیەدا له‌به‌رانبه‌ر شکۆی شه‌هیدانیشدا، سه‌ری ڕێز داده‌نەوێنین و دووپاتیده‌که‌ینه‌وه که‌ هه‌میشه له‌ یادماندا دەمینێن و خزمەتی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانیش بە ئەرکی هەرە لە پێشینەی خۆمان دەزانین.

پارتی، به‌ درێژایی ٧٢ ساڵ خه‌باتی به‌ رێبه‌رایه‌تی بارزانی نه‌مر و جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی، رۆژانی سه‌خت و پیلانی گه‌وره‌ی تێپه‌ڕاندووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر و دوژمنان و تێکشکاندنی پیلانی خیانه‌تکاران، لەمەولاش پارتی بەهێزی زیاترەوە بەرەو ئایندەیەکی گەش هەنگاو دەنێت و سەر بۆ هیچ فشارێک و هەرەشەیەک ناچەمێنتەوە.

ئه‌مڕۆ له‌ کاتێکدا ، ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی پارتی پیرۆز ده‌که‌ین، پارته‌که‌مان وه‌ک هه‌میشه ئاڵا هه‌ڵگری به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ڕه‌واکانی گه‌له‌که‌مانه‌ و لەو بۆنەیەشدا جەخت لە سەر خەباتی بێ وچانمان بۆ گەیشتن بە هەموو ئاوات و خواستە ڕەواکانی گەلەکەمان دەکەینەوە و لە هەمانکاتدا بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان لە سەر بنەمای رێزی دوولایەنە هەوڵی چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوە ژیان لە گەل گشت نەتەوەکانی ناوچەکە دەدەین.

گۆڕانکارییه‌کانی ناوچه‌که‌، ئه‌وه‌مان لێده‌خوازێت ئێمه‌ی هه‌ڤاڵانی پارتی ساز و ئاماده‌تر له‌ مه‌یدانی خه‌باتدا بین، چونکه‌ له‌گه‌ڵ به‌هێزیی پارتی، کوردستانێکی به‌هێزمان ده‌بێت و هەر پارتی وەک هەمیشە هەوێنی یەکریزیی ناوماڵی کوردستانیش دەبێت.

 

بژی کوردستان.

به‌ره‌و سه‌رکه‌وتنی زیاتر.

Paylas: