ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتە ٢٧ کەس
پەیامی کورد … ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتە ٢٧ کەس
لە شاری مەریوان پێنج هاووڵاتی و لە شارەکانی سەقز و بانە شەش کەسی دیکە دەستبەسەرکران و ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە کوردستان گەیشتە ٢٧ کەس.
بە گوێرەی هەواڵێلی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی هەینی ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی نێ و لانیکەم پێنج کەس بە ناوەکانی محەمەد ئەحمەدی، فەرید درەخشانی، کەیوان مینوویی، ئیدریس بەهرامیان و عەبدوڕەحمان ئەفشار” دەستبەسەر کردووە.
هەمان ڕۆژ، سێ هاووڵاتیی خەڵکی بانە بە ناوەکانی سەعید قادری، کوردۆ حوسێن پوور، و عەلی (نازناو ناروون) دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بانە دەستبەسەرکراون.
ڕۆژی هەینی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی گوندی پیرئومەرانی سەر بە شاری سەقز بە ناوی ئەیوب مینایی و ڕۆژی پێنجشەممە دوو هاووڵاتی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە بە ناوەکانی سامان خوسرەوی و جەماڵ عەزیزی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون.
هەنگاو ڕۆژی پێنج شەممە ڕایگەیاندبوو کە دوو هاووڵاتیی قەڵکی ملقەڕنی سەقز بە ناوەکانی عەبدوڵڵا مەهجوور و محەمەد مەهجوور و هەروەها ١٤ هاووڵاتیی خەڵکی بانە بە ناوەکانی سەلاح پزیشکی، ڕەفێق پزیشکی، مەناف پزیشکی (وەفا) ، بێهزاد پزیشکی، کەریم پزیشکی، ئەبوبەکر پزیشکی، ئەحمەد پزیشکی، فەرهاد پزیشکی، فەرزاد پزیشکی، ئەرسەلان پزیشکی، کامران پزیشکی، جەماڵ موروەتی و عوسمان محەمەدپور دەستبەسەر کراون.
سەرجەم ئەم کەسانەی کە لە شارەکانی سەقز، بانە و مەریوان دەستبەسەر کراون بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازراونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە.
جێگای ئاماژەیە کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەم کەسانە بێڕێزییان بە بنەماڵەکانیان کردووە و ماڵەکانیان پشکنیوە و خۆشیانیان داوەتە بەر لێدان و کوتان و هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنیان نەزانراوە.