ئەمڕۆ (٢٧) ساڵ بەسەر دەستپێکردنی راپەڕینەکەماندا تێپەڕدەبێت
ئەمڕۆ (٢٧) ساڵ بەسەر راپەڕینە مەزنەکەی گەلی كوردستان تێدەپەڕ دەبێت، كە لە شارۆچکەی رانیەوە دەستیپێكرد، دواتر سەرجەم شار و شار و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی كوردستانی گرتەوە.
رۆژی(٥)ی ئازاری (١٩٩١) هاووڵاتیانی ناوچەی راپەڕین، بەپشتیوانی هێزەكانی پێشمەرگەی کوردستان لە دژی دامودەزگاكانی رژێمی بەعس راپەڕین.
(٢٧) ساڵ پێش ئێستاو لەرۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، دوای ئەوەی یەکەم چەخماخەی راپەڕین لێدرا و خەڵك دژی دەسەڵاتی نەگریس و دیکتاتۆرانەی حکومەتی پێشووتری عێراق راپەڕین و دەسپێکەکەشی لەشارۆچکەی رانیەوە بەرپاکرا.
دوای ئەو هەموو ساڵە هێشتا گەلی کورد لەبەردەم مەترسی لەدەستدانی مافە دەستووری و نەتەوەییەکانیدایە لەعێراق، کابینە یەک لەدوا یەکەکانی عێراقی نوێ سزای سیاسی و ئابووری بەسەر هاووڵاتیانی کوردستاندا دەسەپێنن.
لە دوای تێپەڕینی (٢٧) ساڵ بەسەر راپەڕینەکەی گەلی کورد لەباشووری کوردستان و تێپەڕینی (١٥) ساڵ بەسەر بونیادنانەوەی عێراقی نوێی دوای حکومەتی بەعسی سەدام حسێن، کە هەرێمی کوردستان رۆڵی کاریگەری لەتێکشکاندن و روخانیدا هەبوو، تا ئێستا کورد لەسەرەتای داواکارییەکانیەتی، دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراقیش بەشێکی زۆریانی پێ رەوا نابینێ، ئەوەش روون نییە کە لەداهاتوودا چی دەگوزەرێت و چی رودەدات، چونکە ئومێدی باش لەرەفتارەکانی دەسەڵاتدارانی ئێستای بەغدا ناکرێت، وەکو لای هەمووان ئاشکرایە دوایین هەوڵی حکومەتی عێراق، تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی (٢٠١٨) بوو بەبێ کورد.
نوێنەرانی کوردیش لەبەغدا باس لەوەدەکەن، کە لەلایەن حکومەتی بەغداوە هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە، کە ئەوەش ئەگەر دووبارەبوونەوەی رژێمەکەی سەدام حسێنی لێدەکرێت.
بەوتەی چالاکوانانی سیاسی کوردیش، لەئێستادا هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق گەیشتووەتە قۆناغێک، کە دەبێت سەرکردایەتی سیاسی کورد هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی لەبارەی مانەوەی کورد لە بەغدا هەبێت.
یادی راپەڕینە مەزنەکەی گەلی کورد لەکاتێکدایە، کە دوای رووداوەکانی (١٦) ئۆکتۆبەرو پاش ئەوەی سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکوک، شنگال، مەخموور و خانەقین و گوڵاڵە، کورد نزیکەی (٥١٪) خاکی کوردستانی لەدەستدا، ئەوەش دوای ئەوە هات کە ماوەی چوار ساڵە بەشە بودجەکەی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە بڕدراوە.