TR KU SO
FB X
Kurdistan

کۆمەڵ سەردانەکەی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕەتکردەوە

سارا
Yazar
📅 30 Nisan 2018 03:11

لەدوای شكستی لیستی ئیسلامی ‌و ئاشكراكردنی پاڵپشتی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ لیستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ناكۆكییەكانی نێوان حزبە ئیسلامییەكان پێی دەنێتە قۆناغێكی نوێوەو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دژایەتییەكی زۆری یەكدی دەكەن.
بەپێی زانیارییەكان، دوای دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان پەیوەندییەكانی نێوان حزبە ئیسلامییەكان بەتایبەت یەكگرتوو و بزوتنەوە لەگەڵ كۆمەڵ چووەتە قۆناغێكی زبرەوە و بەرپرسە باڵاكانی هەردوولا دژی یەكتر قسە دەكەن‌و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش ناوزڕاندنی یەكترییان كردووەتە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیان.
بەپێی زانیارییەكان، دوێنێ شەممە هەردوو مەڵبەندی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان‌و بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان داوای سەردانیكردنی مەڵبەندی كۆمەڵی ئیسلامییان كردووە، بەڵام میواندارییەكەیان رەتكردووەتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی پێی وابووە نابێت جیاوازی بكرێت لە سەردانی لایەنە ئیسلامییەكانداو بەو بۆنەیەوە پێی باش بووە سەردانی مەڵبەندی كۆمەڵیش بكات، بەڵام ڕەتكراوەتەوە.
كادیرێكی باڵای بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك نوسیوێتی “زۆر بەداخەوە، زۆر شورەییە بۆ برایانی كۆمەڵی ئیسلامی لە ڕانیە كە ڕابەری بزووتنەوە‌و مەڵبەندەكانی یەكگرتوو ‌و بزووتنەوە ویستیان سەردانی مەڵبەندی كۆمەڵ بكەن، بەڵام كۆمەڵ سەردانەكەیانی ڕەتكردەوە”.
 ئەمینی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە “نازانم چ عەقیدە و ئیمانێكە ئاوا لە گەڵ برای خۆت ڕق لەدڵ بیت، لەكاتێكدا كۆمەڵ یەك لیستیشیان ڕەتكردەوە، بەڵام ئێمە ووتمان یەك لیستی كێشە نییە، بەڵكوو برایەتی هەر دەبێ هەبێت”.
دوای  چەندین كۆبونەوەی باڵای نێوان لایەنە ئیسلامییەكان بۆ پێكهێنانی لیستی هاوبەشی ئیسلامییەكان، بەڵام لە راگەیەندراوێكدا لیژنەی هاریكاری نێوان ئیسلامییەكان ئاشكرایكرد، كە كۆمەڵی ئیسلامی لە ئێستادا لیستی ئیسلامی پێ باش نییەو بە سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات، بەڵام دوای ڕاگەیاندنی لیستەكەیان بزووتنەوەی ئیسلامی پاڵپشتی بۆ یەكگرتوو دەربڕی‌و سێ كاندیدیشیان لەنێو ئەو لیستادا هەیە.

Paylas: