مەسروور بارزانی : ئامانجی حکوومەتەکەی من ئەوەیە کە دەبێ ڕزقی خەڵكی کوردستان لە دەستی خەڵکەکە خۆیدا بێت
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی : ئامانجی حکوومەتەکەی من ئەوەیە کە دەبێ ڕزقی خەڵكی کوردستان لە دەستی خەڵکەکە خۆیدا بێت
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامانجی حکوومەتەکەی ئەوەیە ڕزقی خەڵكی کوردستان لە دەستی خەڵکەکە خۆیدا بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 20-7-2020، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی دەڤەری پیشەسازی خۆراک لە دهۆک، بەڕێوە چوو.
دەقی ووتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
بەناوی خوای گەورە و دلۆڤان
ئامادەبووانی هێژا بەخێر هاتن
وەك دەزانن دەستپێكی ئەم كابینەیە پەیمانمان دا كە گرنگی بە كەرتی دیكەی ئابووری بدەین تا تەنیا پشت بە یەك سەرچاوەی داهاتی كوردستان نەبەستین، بۆ ئەم مەبەستە پەرەپێدان بە كەرتی پیشەسازی و چاندن و بازرگانی یەكێك لەم بەڵێن و بەرنامانە بوو كە لە كارنامەی حكوومەتدا هات، ئەمڕۆ خۆشحاڵم كە لێرە ئامادەین بۆ دانانی پڕۆژەی ئەم دەڤەرە پیشەسازییە لە پارێزگای دهۆك كە بەرهەم و خێرەكەی بۆ هەموو كوردستانە.
من دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكاری ئەم پڕۆژەیە و لە وەزارەتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و هەموو وەزارەتەكانی حكوومەت دەكەم كە لە پلاندانان و دامەزراندنی ئەم پڕۆژەیە هاوكار بوون.
بێگومان ئەمە دوا پڕۆژە نابێت، راستە لە چەند ڕۆژی رابردوودا ئەمە سێیەمین پڕۆژەی ستراتیژییە دەستمان پێكردووە، ئیشەڵا لە هەموو كوردستان ئەم پڕۆژانە ئەنجام دەدرێن.
بەرنامەمان ئەوەیە كە كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە پێش بچێت، حكوومەت هەم بەرنامەی خۆی جێبەجێ دەكات هەم لەگەڵ كەرتی تایبەت هاوكار دەبێت بۆ ئەم جۆرە پڕۆژانە.
حكوومەت گرنگی بە كەرتی تایبەت دەدات و لە هەندێك پڕۆژەشدا لەگەڵ كەرتی تایبەت ئەم كارانە دەكات. ئامانجمان ئەوەیە ڕزقی خەڵكی ئێمە لە دەستی خۆیدا بێت و چاوی لە دامەزراندن لە كەرتی گشتی نەبێت.
من خۆشحاڵم كە بەرنامەكانمان سەرەڕای ئەم قەیرانە ئابوورییەی تووشی كوردستان بووە، ئەم پەتایەی كۆرۆنا بڵاو بۆتەوە، ڕێی لێمان نەگرتووە كە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بین.
جێی خۆیەتی سوپاسی پارێزگاری ئێستا و پێشووی دهۆك بكەم كە لە دۆخێكی ناخۆشدا ڕۆڵێكی باشی هەبوو لە ئیدارەدانی دۆخی پارێزگای دهۆك. دەزانین فشارێكی زۆر لەسەر خەڵكی دهۆك هەبوو. دەرگای خۆی بۆ ئەو خەڵكەی ڕووی كردە كوردستان، هەموو خەڵكی دهۆك دەرگای خۆیان واڵا كرد، سوپاسیان دەكەم، ئەمە نیشانەی مرۆڤدۆستی و دڵگەورەییتانە، نیشانەی ئەوەیە كە ئەو باوەڕ و پرەنسیپە ڕەسەنانەی كوردایەتی لەلای ئێوە چەند زیندووە.