مەسروور بارزانی : چوار ساڵی داهاتوو زۆر گرینگ دەبێت بۆ هەموو لایەک
پەیامی کورد ... سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەینێت "چوار ساڵی داهاتوو گرینگ دەبێت بۆ ئێمە و دراوسێ و هاوپەیمانەكانمان و هەروەها كۆمەڵێك چاكسازی دەكەم كە تەواوی كەرتەكانی خزمەتگوزاری بگرێتەوە و حكوومەتەكەم ئابوورییەكی هەمە چەشن بۆنیاد دەنێت".
لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی واشینتن پۆستی ئەمریكی بە ناونیشانی " بۆچی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەستپێكی قۆناخێكی نوێدایە " مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "دەیانەوێت لە چوار ساڵی داهاتوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان رووداوە شۆكهێنەرەكانی ئەم دواییانە تێپەڕێنێت و ئامادەییمان لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی مسۆگەر بكەین و بە كورتیش دەمانەوێت سەرەتایەكی نوێ دەستپێبكەینەوە".
مەسروور بارزانی هەروەها نووسیویەتی "وەك سەرۆك وەزیران رێگەیەكی جیاواز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكان دەخەمەڕوو، كە پشت بە دەستكەوتەكانمان دەبەستێت و هەروەها شەڕكردن لەگەڵ داعش لە بڕی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تێچووی شەڕەكە، و بڕی بوودجە لە لایەن بەغداوە، كۆچی ئاوارە و پەنابەران، چەندین ملیار دۆلار قەرزیان بۆ بەجێهێشتووین و وێڕای سەختییەكانیش وەك هاوڕێ و هاوپەیمانی رۆژئاوا ماینەوە و زانیارییە هەواڵگرییەكانمان چەندین هێرشی تیرۆریستی لە دەرەوە پووچەڵ كردەوە".
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا مەسروور بارزانی باسی لەوەكردووە "كۆمەڵێك چاكسازی دەكەم كە تەواوی كەرت و لایەنەكانی خزمەتگوزاری بگرێتەوە و حكوومەتەكەم ئابوورییەكی هەمە چەشن بنیاد دەنێت، كە خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان بەدیدەهێنێت و كار بۆ ئەوە دەكەین حكوومەت خزمەتی هاونیشتمانیان بكات، نەك پێچەوانەكەی".