TR KU SO
FB X
Kurdistan

مەسروور بارزانی : چاوپۆشی لە هیچ گەندەڵییەك ناكرێت

سارا
Yazar
📅 07 Kasım 2019 16:00

پەیامی کورد    ...    جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: "سەردانی دەستەی وەبەرهێنانمان كردووە و میكانیزمێكی زۆر باشیان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی داناوە و زۆریش جیددین، چونكە سەرۆكی حكوومەت لە پشت دەستەی وەبەرهێنانە و چاوپۆشییش لە هیچ كەسێك ناكەن گەندەڵی بكات".

سەعید هەركی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: "ئەو دەنگۆیانەی بڵاو دەكرێنەوە كە گوایە لە هەولێر دەست بەسەر كۆمەڵێك زەویدا گیراوە و بە قسەی ئەوان بە ناوی وەبەرهێنانەوە دراون بە خەڵكانێك و لێیان وەرگیراوەتەوە، راست نییە، چوونكە ئێمە سەردانی دەستەی وەبەرهێنانمان كردووە و قسەمان لەگەڵ سەرۆكی وەبەرهێنان كردووە و هیچ باسێكی لەو شێوەیەی نەكردووە و ئەوانەی ئەو باسەشیان ورووژاندووە، هیچ بەڵگەیەكیان نییە".

هەركی گوتیشی: "لە دەستەی وەبەرهێنان میكانیزمێكی زۆر باش دانراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە پڕۆژەكانی وەربەرهێناندا و كۆمەڵێك هەنگاویش نراون و هەندێك باخچەی ساوایان و قوتابخانە و هەندێك شوێنی دیكەش كە بە زێدەرۆیی درووست كرابوون، راستەوخۆ تێكدران، لە هەر شوێنێكیش گەندەڵی هەبێت، رێگری لێ دەكرێت".

ناوبراو ئاماژەشی دا: "ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە لەم كابینەیەدا، جیددییەتێكی زۆر هەیە بۆ ئەوەی چاكسازیی تەواو لەكەرتی وەربەرهێناندا بكرێت، چوونكە سەرۆكی وەبەرهێنان خۆی ئەندامی لیژنەی باڵای چاكسازی بووە لە هەرێمی كوردستان و، زۆر جیددییە كە چاكسازیی تەواو دەكات لە كەرتی وەبەرهێنان و ڕووبەڕووی هەموو گەندەڵكاران دەبێتەوە و سەرۆكی حكوومەتیش خۆی پاڵپشتی تەواوی دەكات و چاوپۆشی لە هیچ گەندەڵییەك ناكرێت".

دەشڵێ، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەولێریش دەستكراوەیە كە رێگری لە گەندەڵی بكات و چاكسازی ئەنجام بدات و هەموو پاڵپشتییەكیشی دەكرێت، بۆیە كابینەی ئێستا، كابینەی چاكسازی دەبێت.

Paylas: