TR KU SO
FB X
Kurdistan

مەکتەب سیاسی یەکیتی نامەیەک لەسەر کەرکووک ئاراستەی سەرۆككۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکات

سارا
Yazar
📅 24 Nisan 2018 03:07

لە نامەیەکدا مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دوای شەش مانگ لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر هێشتا لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە دەسەڵاتی عەسكەری‌ و ئەمنی ڕێگەنادات بارەگای حیزبە كوردستانیەكان بكرێنەوە.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە نامەیەکدا بە ناونیشانی “كردنەوەی بارەگاكانی هێزە كوردستانییەكان هێشتا قەدەغەیە”، کە ئاراستەی فوئاد مەعسووم، حەیدەر عەبادی و سەلیم جبووری کراوە، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت “بەداخەوە لەدوای ڕووداوەكانی ١٦/ی ئۆكتۆبەرەوە، كە زیاتر لە (٦ مانگ)ە، لەكەركوك، خانەقین، شنگال، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە و ناوچەی دیکەش هێشتا دەسەڵاتی عەسكەری‌ و ئەمنی رێگەنادەن بارەگای حیزبە كوردستانییەكان، كە حیزبی رەسمی ‌و یاسایین، بكرێنەوە”.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕاشیگەیاندووە “لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەشدا، هێشتا فشاری نادەستووری لەسەر هێزە كوردستانییەكان هەیە. بەڵكو لە زۆر شار و شارۆچكەدا، ماڵی بەرپرس ‌و كادرانی لایەنە كوردستانییەكانیش داگیركراون”.

یەکێتی هۆشداری دەدات سەبارەت بە بەردەوامبوونی ئەو ڕووداوانە دەدات و دەڵێت “بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی زەوتكردنی مافی ئازادی سیاسی لایەنەكان، لەو ناوچانەدا گومانێكی زیانبەخشی لای رای گشتی ناوچە كێشەلەسەرەكان دروستكردووە و بەدووریشی نازانین، رووداوی زیانبەخشی لێبكەوێتەوە”.

دەقی نامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی:

كردنەوەی بارەگاكانی هێزە كوردستانیەكان هێشتا قەدەغەیە!

– جەنابی سەرۆككۆماری عێراقی فیدراڵ!
– دەوڵەتمەداری بەرێزی عێراق!
-سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی بەڕێز!

لەكاتێكدا، وردەوردە ئومێدی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان عێراق‌ و هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێ‌‌ و هەنگاوی باشیش لەو پێناوەدا نراون. كەچی بەداخەوە، لەدوای روداوەكانی ١٦/ی ئۆكتۆبەرەوە، كە زیاتر لە (٦ مانگ)ە؛ لەكەركوك، خانەقین، شنگال، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە و ناوچەی دیکەش، هێشتا دەسەڵاتی عەسكەری‌ و ئەمنی رێگەنادەن بارەگای حیزبە كوردستانییەكان، كە حیزبی رەسمی ‌و یاسایین، بكرێنەوە. تەنانەت لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەشدا، هێشتا فشاری نادەستووری لەسەر هێزە كوردستانییەكان هەن. بەڵكو لە زۆر شار و شارۆچكەدا ماڵی بەرپرس‌ و كادرانی لایەنە كوردستانیەكانیش، داگیركراوون.

بەڕێزینە!

ئاشكرایە لای جەنابتان، بەمشێوەیە سەپاندنی دەسەڵاتی عەسكەری ‌و ئەمنی، پێچەوانەی دەستوور و رێسای پەیوەندیەكانمانە. بەردەوامبوونیش لەسەر سیاسەتی زەوتكردنی مافی ئازادی سیاسی لایەنەكان، لەو ناوچانەدا، گومانێكی زیانبەخشی لای ڕای گشتی ناوچە كێشەلەسەرەكان دروستكردووە و بەدووریشی نازانین، ڕووداوی زیانبەخشی لێبكەوێتەوە.

بۆیە، داوامان لەبەرێزتان ئەوەیە بەزووترین كات، بڕیاری چارەسەری ئەم كێشە یاساییی‌ و مافە سیاسیە بدەن.

لەگەڵ رێزی
مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
٢٣/٤/٢٠١٨

Paylas: