ئەمشەو کورد بە یەک دەنگی بڕیار لە سەر دەنگدانی کابینەکەی کازمی دەدات
پەیامی کورد ... ئەمشەو کورد بە یەک دەنگی بڕیار لە سەر دەنگدانی کابینەکەی کازمی دەدات .
پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ووتی، کاتژمێر ٩ی ئەمشەو بۆ متمانەدان بە كابینەی حكوومەتی عێراق دیاری كراوە، شەوی ڕابردووش فراكسیۆنە كوردییەكان و شاندی حكوومەتی هەرێم لە ماڵی سەرۆككۆمار كۆبوونەوە و تێیدا بڕیار درا كورد یەكهەڵوێست بێت لەبارەی دەنگدان بە كابینەی مۆستەفا كازمی.
هەدار بارزانی، پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "بڕیارە کاتژمێر ٩ی ئەمشەو پەرلەمان دەنگ لەسەر كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقی بە سەرۆكایەتی موستەفا كازمی بدات، كە تا ئێستاش گفتوگۆ بەردەوامە و نەگەیشتوونەتە رێككەوتن و گۆڕانكارییان لە وەزارەتی داراییش كردووە، كە پشكی كوردە و گۆڕیویانە بە وەزارەتی دەرەوە، بۆیە گفتوگۆ بەردەوامە و ئەمڕۆ شاندی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ مۆستەفا كازمی كۆدەبێتەوە و ئەو پرسە یەكلا دەكاتەوە".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێ: "شەوی ڕابردوو شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ماڵی سەرۆككۆمار كۆبوونەوە و تێیدا بڕیار درا كە هەموو فراكسیۆنەكان بۆ دەنگدان و دەنگنەدان بە كابینەی نوێ، یەكهەڵوێست بن".