مستەفا كازمی: پشتیوانی لەئازادی و بەئاشتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەكەین
پەیامی کورد … مستەفا كازمی: پشتیوانی لەئازادی و بەئاشتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەكەین
سەرۆك وەزیرانی عێراق سەبارەت بە خۆپیشاندانەكەی رۆژی سێ شەممەی گۆڕەپانی تەحریر كە كوژراو و برینداری لێكەوتەوە رایگەیاند، لێكۆڵینەوەیەكی شەفاف لەو رووداوە دەكەن و فەرمانی كردووە بە پاراستنی خۆپیشاندەران.
مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەپەیامێكدا رایگەیاند، پشتیوانی لەئازادی و بەئاشتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەكەن و فەرمانیان دەركردوە بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران و بەكارنەهێنانی توندوتیژی بەرامبەریان.
ئاماژەی بەوەشكردوە، لیژنەی لێكۆڵینەوەیان لەسەر گرژییەكانی خۆپیشاندانی گۆڕەپانی تەحریر پێكهێناوە، بۆ ئەوەی راستیەكانی توندوتیژیەكانی رۆژی سێ شەممە ئاشكرابن.
راشیگەیاند: پاراستنی ئاسایشی وڵات ئەرك و بەرپرسیاریەتی هەموانە و دەبێت هەموان لەپاراستیندا رۆڵ ببینن.
رۆژی سێ شەممە خۆپیشاندانێك لە گۆڕەپانی تەحریر بەڕێوەچوو، لە كۆتا ساتەكاندا گرژی هاتەئاراوە و بە هۆیەوە خۆپیشاندەرێك كوژرا و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.