ژنە چالاکێکى مەدەنى بە پێنج ساڵ زیندانى سزادرا
پەیامی کورد... ژنە چالاکێکى مەدەنى بە پێنج ساڵ زیندانى سزادرا
کەژاڵ نەسری چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی و دانیشتووی گوندی تەنگی سەر بە شاری سنە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای پێنج ساڵ زیندانى بەسەردا سەپێنرا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئەو سزایە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامێتى حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەشێوەى هەڵپەسێردراو بەسەر ناوبراودا سەپاوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.
کەژاڵ نەسری چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی دانیشتووی گوندی تەنگی سەری سنە ڕۆژی یەکشەممە (١٢ی دیسەمبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و بە بێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر و بە زۆرەملێ ڕفێندرا بە شێوەیەک کە هەتا سێ هەفتە بنەماڵەکەی بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری شوێنی ڕاگیران و باری تەندروستی ناوبراو نەبوون، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوەکە.
ئەم چالاکە کوردە سەرەتاى ئەمساڵ دوای مانگێک دەستبەسەرکردن و دوای ئەوەی دایکی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەبەردەم بارەگاى دەرگای ئیتلاعاتی سنە مانی لە خواردن گرتبوو، بە بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەن و بە دەستبەندی ئەلیکترۆنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.