نێچیرڤان بارزانی: بەلای ئێمەوە هێشتا جینۆساید و کارەساتی شنگال کۆتایی نەهاتووە
پەیامی کورد... نێچیرڤان بارزانی: بەلای ئێمەوە هێشتا جینۆساید و کارەساتی شنگال کۆتایی نەهاتووە
نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، بهلای ئهوانهوه تا یەک فڕێندراوی ئێزدی مابێت، تاوانەکە کۆتایی نەهاتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، کۆنفرانسی ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییان بە دروشمی (بەرەو داهاتوویەکی بەردەوامی سەقامگیر بۆ ئێزدییان) و لەژێر چاودێری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "یادکردنەوەی جینۆسایدی ئێزدییان یادکردنەوەیەکی زۆر جیاواز و تایبەتە، چونکە ئەو جینۆساید و کارەساتە، بەلای ئێمەوە هێشتا بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە، هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵ و پیاوانی رفێندراوی ئێزدی بێسەروشوێنن".
نێچیرڤان بارزانی وتیشی: "تا یەک فڕێندراوی ئێزدی مابێت، تاوانەکە کۆتایی نەهاتووە".
وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدا، لێکەوتەکانی ئەو کارەساتە تا ئەمڕۆش غەم و ژان و ئازار بۆ ئێزدییان و تەواوی گەلی کوردستان دەهێنێت.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، "ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە کە هەمووان پێکەوە، رێز لە قارەمانی و قوربانیدانی پێشمەرگە بگرین، کە دوای خۆرێکخستنەوەی پێشمەرگە، لەژێر فەرماندەیی سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەفسانەی داعش لەسەر زەوی تێكشێکندرا".
نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکەیدا بە تایبەتی سوپاسی خەڵکی پارێزگای دهۆکی کرد کە بەهەموو شێوەیەک هاوکار بوون لەگەڵ خوشک و برایانی ئێزدی، وتیشی: "ئەوە هەرگیز لەبیر ناچێتەوە، کە لە دیمەنێکی زۆر مرۆڤانەدا لە بادینان، خەڵک دەرگای ماڵ و قوتابخانە و تەنانەت مزگەوتەکانیشیان بۆ پێشوازی و حەوانەی خوشک و برایانی ئێزدی کردەوە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمان و حکومەت و رێکخراوانەی کرد کە کارەساتی شنگالیان وەک جینۆساید پەسەند کردووە و یارمەتی ئێزدییەکان دەدەن.