TR KU SO
FB X
Kurdistan

نێچیرڤان بارزانی : دەبێ چوارچێوەیەکی هاوبەش لە نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ بۆ كاركردن درووست بكرێت

سارا
Yazar
📅 28 Nisan 2019 21:30

پەیامی کورد  ...    سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، بە گرینگی دەزانێت چوارچێوەیەكی ھاوبەش لە نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ بۆ كاركردن دروست بكرێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، لە میانەی كۆبوونەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و لیژنەی ئابووری عێراق، ڕایگەیاند، پێشتر لێژنەی ئابووری كە بڕیار لە ئابووریی عێراق دەدات، لە كوردستان كۆنەدەبوونەوە، بەڵام ئێستا ھاتوونەتە ھەرێمی كوردستان، بۆیە ئەو بڕیارەی بە گرینگ لێكدایەوە و ڕایگەیاند: "سازدانی ئەم كۆبوونەوەیە، بەڵگەی ئەوەیە كە بڕوامان بە چارەسەری كێشەكانە لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێك تێگەیشتنەوە".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "دەبێ ھەموو پرسەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستووری عێراق چارەسەر بكرێن. ئەو برایانەی كوردستان كە لە حكوومەتی عێراقدا بە سەرۆكایەتی برامان عادل عەبدولمەھدی بەشدارن، ڕۆڵێكی گرنگ دەبینن لە چارەسەركردنی كێشەكاندا".

سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، رێككەوتنی لەسەر یەكخستنی ڕسومات بە ھەنگاوێكی گرنگ بۆ برەودان بە سیاسەتی ھاوبەش لە قەڵەم دا و ڕایگەیاند: "گرینگ درووستكردنی بنەما و چوارچێوەیەكە بۆ كاركردن لە نێوان ھەولێر و بەغدادا، ھەرچەندە دەزانین لە جێبەجێكردن و شرۆڤەكاندا ھەندێك كێشە ھەیە، ئەركی ئێمەیە كە بە گیانی ھەماھەنگی ھاوبەش ئەو ئاستەنگانە تێپەڕێنین. ھەوڵ دەدەین كێشەكانی نەوت و ناوچە كێشەلەسەرەكان و كۆمەڵێكی زۆری یاساكان كە سیستەمی فیدراڵی ووڵات ڕێك دەخەن، چارەسەر بكەین".

 

Paylas: