TR KU SO
FB X
Kurdistan

نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ بۆگدانۆف کۆبووەوە

سارا
Yazar
📅 29 Ocak 2020 21:20

پەیامی کورد   ...  سەرۆک نێچیرڤان بارزانى وێڕاى پیرۆزبایى لە دەستبەکاربوونى سەرۆک وەزیرانى تازەى ڕووسیا، خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودانى پەیوەندییەکانى لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ ڕووسیا دووپات کردەوە و دەستخۆشى لە کار و چالاکییەکانى کۆمپانیاى گازپرۆمى ڕووسى لە کەرتى وزەدا لە هەرێمى کوردستان کرد.

نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 29/1/2020  نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریکا جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و باڵیۆزى ڕووسیاى لە بەغدا و کونسولى گشتی لە هەولێر و شاندێکى یاوەرى کرد کە لە ژمارەیەک دیپلۆماتکار و بەرپرسانى کۆمپانیاى گازپرۆمى ڕووسى پێکهاتبوون.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە جێگرانى سەرۆکى هەرێم و ژمارەیەک لە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان ئامادەى بوون، بۆگدانۆف سڵاو و ڕێزى سەرۆک ڤلادیمیر پوتین و سەرۆک وەزیرانى ڕووسیاى گەیاندە سەرۆکى هەرێمى کوردستان و ستایشى ڕۆڵى سەرۆکی هەرێم و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستانى کرد.

هەردوولا دۆخى عێراقیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیى هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەى گرژى و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و نەبوونى عێراق بە گۆڕەپانى کێشە و ململانێى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان کردەوە، هەروەها تیشکیان خستە سەر خۆپیشاندانەکان و هەوڵەکان بۆ دیاریکردنى سەرۆک وەزیرانى داهاتووى عێراق، کێشەکانى هەولێر ــ بەغدا و گرنگیى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.

دۆخى سووریا و هەبوونى هێزە نێودەوڵەتییەکان و پرسى کورد و ئایندەیان لە چوارچێوەى سووریا و ڕۆڵى ڕووسیا لەو ووڵاتە، بەردەوامی مەترسییەکانى تیرۆر و چۆنیەتیى ڕووبەڕووبوونەوەى، پرۆسەى ئاشتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دوایین پێشهاتەکانى کێشەى فەلەستین ــ ئیسرائیل، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى مایەى بایەخى هەردوولا، بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.

Paylas: