نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ فرنسوا ئۆڵاند کۆبووەوە
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فرانسوا ئۆڵاند سەرۆکی پێشووی فەڕەنسا کۆبووەوە .
لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی پێشووی فەڕەنسا دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كرد بۆ حەواندنەوە و پاراستنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەر. جەختیشی لە گرنگی هەماهەنگی نێوان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 26/2/2019، پێشوازی لە فرانسوا ئۆڵاند، سەركۆماری پێشووی فەڕەنسا و دۆستی گەلی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران ئامادەی بوو، ئۆڵاند وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بەم سەردانە، پۆختەیەكی دەربارەی سەردانەكەی و بەسەركردنەوەی چەند ناوچەیەكی مووسڵ و بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی پێشكەشكردنی خەڵاتی شەهیدی ڕۆژنامەوان شیفا گەردی پێشكەش كرد، هەروەها باسی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان لە سەرەتای شەڕی داعش و بەسەركردنەوەی بەرەكانی جەنگ لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی كرد و دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كرد بۆ حەواندنەوە و پاراستنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران، جەختیشی لە گرنگی هەماهەنگی نێوان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاریی پێویست لە ناوچە زیانبەركەوتووەكان كردەوە.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەو سەردانە و دۆستایەتیی بەڕێزیان و هاوكارییە بەردەوامەكانی فەڕەنسای بۆ هەرێمی كوردستان لە كاتە سەختەكاندا كرد و ڕۆڵی فەڕەنسای لە لابردنی ئابڵۆقەی سیاسی و دیپلۆماسی سەر هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند، هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەكردنی بەشێك لە گرفتەكان كرد و پشتگیری هەرێمی كوردستانی بۆ حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی و چارەكردنی كێشەكان لە ڕێگەی گفتوگۆوە، دووپات كردەوە.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەش كرد، كە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لەئارادایە و لەمبارەیەوە ئێستا هەماهەنگی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە هەیە بە مەبەستی دۆزینەوەی میكانزمێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان، وێڕای ئەوەی كە هەولێر و بەغدا لە چەند بواری دیكەدا بۆ چارەكردنی كێشەكان لە گفتوگۆدان.