نێچیرڤان بارزانی پەیامی هاوخەمی بۆ ووڵاتی فەڕەنسا ڕاگەیاند
پەیامی کورد ... شەوی رابردوو کاتێدرالی نۆتر دام دو پاریس، یەکێک لە بەناوبانگترین شوێنە مێژووییەکانی پاریس ئاگری گرت و بەشێکی زۆری سووتا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەو بۆنەویەوە هاوسۆزی خۆی بۆ خەڵکی فەرەنسا دەردەبڕێت.
نێچیرڤان بارزانی لە توویتێکدا لەکاتی ڕووداوەکە نووسیویەتی، "هاوسۆزی خۆم بۆ خەڵکی پاریس و فەرەنسا بەگشتی دەردەبڕم، ئەمە کاتێکی زەحمەتە کە کاتێدرالی نۆتر دام، شوێنێکی کولتووری دەگمەنی فەڕەنسا و جیهان ئاگری گرتووە".
شەوی ڕابردوو ئاگر بەشێکی نۆتر دامی سووتاند و لەناویبرد، پێش کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەش، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند کاتێدرالەکە نۆژەندەکەنەوە.
هەرچەندە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی پاریس توانیان بە نۆ کاتژمێر کاتێدرالەکە لە لەناوچوون بپارێزن، بەڵام سەقف و بورجەکەی سووتان و رووخان.
لەبارەی هۆکاری هەڵگیرسانی ئاگرەکەش، هێشتا زانیاری ورد نییە، بەڵام بەرپرسانی پاریس دەڵێن رەنگە بەهۆی کاری نۆژەنکردنەوە بووبێت، کە لە بەشێکی کاتێدرالەکە ئەنجامدەدرا.