TR KU SO
FB X
Kurdistan

نێچیروان بارزانی: پارتی سوورە لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

Navas Jan
Admin
📅 04 Temmuz 2018 17:06

 

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ پاش كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران سازیدا، ده‌رباره‌ی لیستی نوێی مووچه‌ و نه‌بوونی لیستی مووچه‌ی مامۆستایان له‌ رۆژانی یه‌كه‌می دابه‌شكردنی مووچه‌ گووتی: "بۆ ئیمه‌ گرنگه‌ هه‌ر 30 رۆژ جارێك مووچه‌ دابه‌شبكرێت و پاش و پێشی لیستی دامه‌زراوه‌كان گرفت نییه‌ و گرنگ ئه‌وه‌یه‌ مووچه‌ 30 رۆژ جارێك دابه‌ش ده‌كرێت".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان له‌باره‌ی ره‌وشی ئه‌منی كه‌ركووك رایگەیاند، نیگەرانن لە تێكچوونی ئاسایشی كەركووك ، لەبەر ئەوەی داعش دوژمنی ھاوبەشی ھەرێمی كوردستان و عێراقە، ئامادەن ھاوكاری عێراق بكەن بۆ رەواندنەوەی مەترسییەكانیان. لەبارەی گەرانەوەی پێشمەرگەش بۆ كەركووك، رایگەیاند، ھیچ كۆبوونەوەیەك لەوبارەوە نەكراوە، بەڵام ھەرێمی كوردستان بۆ گەراندنەوەی ئارامی بۆ كەركووك ئامادەیە ھەر ھەنگاوێك بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەغدا بگرێتە بەر.

نێچیرڤان بارزانی، هه‌ر له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی كورد بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، رایگه‌یاند هه‌تا ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن یه‌كلانه‌بێته‌وه‌، جارێ زووه‌ باسی له‌ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی بكرێت بۆ حكومه‌تی نوێ، به‌ڵام وه‌كو كورد ئه‌وان حه‌ز ده‌كه‌ن كورد به‌یه‌كگرتوویی بچنه‌ به‌غدا و له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی مافه‌كانی كوردیش به‌شداری له‌ گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن بۆ حكومه‌تی نوێی عێراقی و له‌و گفتوگۆكانه‌ش به‌رده‌وام ده‌بن

ده‌رباره‌ی وربینی له‌ داهاتی نه‌وتیش رایگه‌یاند: "له‌سه‌ر پرۆسه‌ی وردبینی له‌ بواری هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌گه‌ڵ كۆمپانیای تایبه‌ت به‌ وردبینی گفتوگۆمان كرد و له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو به‌ داتا و ژماره‌ زانیارییه‌كان به‌ شه‌فافی بڵاوده‌كرێته‌وه‌".

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان گووتی: "سوورین له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا".

سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەمان زیاتر بۆ پیرۆزباییكردن بوو لە ھەڵبژاردنەكانی توركیا، ئومێد دەكەم لە ئایندەدا گفتوگۆمان لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوانمان ھەبێت".

 

جەختی كردووە، كە پارتی سوورە لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە بڕیارە 30 ئەیلوولی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

سەبارەت بە سوتان و تەقینەوەی كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەی ئەو كۆگایانە پێكێندراوە و چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانین".

دەربارەی كێشەی كەمی كاتەكانی پێدانی كارەبا بە ھاووڵاتییان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "خەریكین ریفۆرم لە سێكتەری كارەبا ده‌كەین و سیستمی كارەبا ببێتە سیمكارت، بۆ ئەوەی كێشەی كارەبا لە ھەرێمی كوردستان چارەسەر بكەین".

لەبارەی پڕۆژە یاسای چاكسازیی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم ئاماژەی بەوەدا: "پڕۆژەی چاكسازیی وای لێھاتووە، كە ھیچ وەڵامێكم لەبارەوە نەبێت، لە ھەوڵداین لەگەڵ پەرلەمان چارەیەك بۆ پڕۆژەكە بدۆزینەوە".

سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان راشیگەیاند: "ھۆكاری ھێرشەكانی توركیا بۆسەر خاكی ھەرێمی كوردستان ئەوەیە كە پەكەكە لەنێو خاكی ھەرێمی كوردستان ھێرش دەكەنە سەر ھێزەكانی توركیا، ئێمە لەگەڵ ئەوەنین ھیچ لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن لەناو ھەرێمی كوردستان ھێرشبكاتە سەر وڵاتێكی دیكە، چونكە بەرپرسیاریەتی ئێمە ھەرێمی كوردستانە".

Paylas: