TR KU SO
FB X
Kurdistan

ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆ دەبێتەوە

Navas Jan
Admin
📅 13 Nisan 2022 17:01

پەیامی کورد... ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆ دەبێتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ساز دەکات و چەند پرسێک تێیدا تاوتوێ دەکرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 13/4/2022، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجام دەدات، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا پوختەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی فیدراڵ دەخرێتە ڕوو.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەش، گفتوگۆ لەبارەی پێداچوونەوە بە میکانیزمی کارکردن لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی برەودان بە لە ئەستۆ گرتنی لێپرسراوێتی و باشتر ڕاییکردنی کارەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت.

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەش ڕەشنووسی (پەیڕەوی ناوخۆی بازرگانی و تۆمار نامەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان - عێراق) و ڕەشنووسی پرۆژە یاسای نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان دەخرێنە ڕوو، بۆ دەنگدان لەسەریان.

بڕگەی کۆتاییش پێشنیازی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەبێت تایبەت بە هەڵگرتنی ڕەسمی گومرگی لەسەر ئاژەڵی هاوردەکراو لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێم دەخرێتە ڕوو.

Paylas: