ئەنجوومەنی وەزیران دۆخی دارایی تاوتوێ کرد وەزارەتی دارایی وئابووری بۆ ڕێکارێکی گرینگ ڕاسپاردە کرد
پەیامی کورد ... ئەنجوومەنی وەزیران دۆخی دارایی تاوتوێ کرد وەزارەتی دارایی وئابووری بۆ ڕێکارێکی گرینگ ڕاسپاردە کرد
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا دۆخی دارایی و پرسی چاکسازی تاوتوێکرد و داوای لە وەزارەتی دارایی و ئابووری کرد خۆگونجاندن بکات لەگەڵ خشتەی مانگانەی پێدانی مووچە لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە، هەروەها بڕیاردرا ڕاپۆرتی سێ مانگی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا و پرسی مووچەی فەرمانبەران و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لەدەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی تاوتوێکرد.
لەراگەێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوەی خشتەی مانگانەی پێدانی مووچە کرا لە بەر تیشکی خۆگونجاندن لەگەڵ خشتەی مانگانەی خەرجکردنی بەشێک لە شایستە داراییەکانی هەرێم لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە، "بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی وئابووری ڕاسپارد ڕێکاریی کارگێڕی و دارایی پێویست لەمبارەیەوە بگرێتەبەر".
لەبارەی پرسی چاکسازیش باس لەوەکراوە، د.عەبدۆلحەکیم خەسرۆ سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، ڕاپۆرتی سێ مانگی یەکەمی کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە ( ٢) ی ساڵی ٢٠٢٠ خستەڕوو، کە تێیدا بڕیارو پەیڕەو ڕێنمایی و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاساکە ڕوونکراونەتەوە، لەگەڵ خستنەڕووی پلانی حکوومەت بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی جێبەجێکردنی بەشەکانی تری یاسای چاکسازی.
ئەوەش هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لە ئایندەیەکی نزیکدا ، ڕاپۆرتەکە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکات هەروەک سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕاپۆرتی خۆیدا لە بەردەم پەرلەمان ئاماژەی پێدابوو.